کیرکەگارد، فەیلەسووفە تەنیاکە
  2020-03-03       834       

نوسینی: دکتۆر زەکەریا ئیبراهیم

وەرگێڕانی: سامان عەلی



کیرکەگارد (١٨١٣-١٨٥٥) فەیلەسووفێکی دانیمارکیی سۆفیگەرە، فەلسەفەکەی لە ئامێزی ئاییندا چاوی بە دونیا هەڵهێنا و، بە یارمەتیی و دەستگیرۆیی ئەزموونە ڕۆحییە تایبەتەکەی و گۆشەگیرییە دەروونییە قووڵەکەی هاتە بوون. ناوبراو یەکێکە لەو فەیلەسووفە کەمانەی کە توانییان ژیانی گۆشەگیریی و تەنیایی بژین و تاقەتی ئەو نیگەرانیی و ترس و پەرۆشییە بگرن کە لەگەڵ ئەم ژیانەدا دێن. کیرکەگارد نە فەیلەسووفێک بوو کە فەلسەفەی کردبێت بە کار و پیشەیەک بۆ خۆی و، نە لاهوتییەک بوو کە هەموو خەمێکی تەنها بریتی بێت لە کارکردن لە بواری لاهوتدا، بەڵکو پێش هەر شتێک و بەتایبەتی مرۆڤێکی ویژدان بەجۆش و، هەست و سۆز بەخرۆش بوو، لە نێو ناخی دەروونیدا نیگەرانیی تاوی دەسەند و لە هەناویدا پشکۆی ئازار و ژان دەگەشایەوە، لەلایەک جیهان بەرەو لای خۆی بەکێشی دەکرد، لەلایەکی تر خواستی پیرۆزبوون désir de la sainteté شەونخوونیی پێ دەکێشا. وێڕای هەموو ئەوانە، کیرکەگارد مرۆڤێکی لە ڕووی بەهرەوە دەوڵەمەند و لە ڕووی باوەڕەوە زەنگین و لەلایەنی ڕوانین و تەماشا سۆفیگەرەکانییەوە قووڵ بوو. مرۆڤێکی تەنیا و گۆشەگیر بوو، ژیانێکی پتر هاوشێوەی ئەو ژیانە ژیا کە پێغەمبەران دەژین، توانیی بە فەلسەفەیەکی پێچەوانەی هەموو ئەو فەلسەفانە بگات کە لە سەردەم و ڕۆژگارەکەی خۆیدا هەبوون، فەلسەفەیەک کە بوونی خودی بە تاکە بوونی ڕاستەقینە لەقەڵەمدەدا و، گۆشەگیربوونی خودی بە تاکە ڕاستیی چەسپاو و سەلماو دادەنا. هەرچی ئەو ڕێچکە فەلسەفییانەیشە کە لە ڕۆژگاری کیرکەگارددا هەبوون، کیرکەگارد شێوە تەماشاکردنێکی ناحەز و نەیارانە تەماشای دەکردن و، "کەوتنێک" Chuteی خودی تێدا بەدی دەکردن، هەر بۆیە زۆر بەتوندیی هێرشی کردە سەر فەیلەسووفی ئەڵمانیی "هیگڵ" و بەرهەڵستیی و دژایەتیی بیرۆکەکەی هیگڵی سەبارەت بە ڕۆحی ڕەها کرد و، ویستی بە وەرچەرخان لە جیهانی فەلسەفەوە بەرەو جیهانی ئایین سۆراخی باوەڕی بزربوو بکات.
کیرکەگارد هەرچی شێوازەکانی خۆشاردنەوە و خۆگۆڕینە گرتییەبەر، تاوەکو بتوانێت خۆی لە پەلامار و هێرشی نەیارەکانی بپارێزێت، کتێب و دانراوەکانی بە ناوی خوازراو و دروستکراوی لە نموونەی کۆنستانتین کۆنیستانتیوس Constantin Conestantius یاخود ناوی جۆهانس کلیماکوس Gohannes Climacus بڵاودەکردەوە .. ڕەنگە لەبەرئەوەبووبێت ئەو ویژدانە تاوسەندووەی کە ناخی دەروونی ئاوەدان دەکردەوە و کە ئەو دەیویست بیگوازێتەوە بۆ خەڵکیی، ئاسان نەبوو بگاتە جیهانێک کە بیر و بۆچوونە هیگڵییەکان تیایدا پەخش و بڵاوبووبوونەوە. هەر بۆیە خاوەنی ئەم ویژدانە ناچاربوو شێوازەکانی خۆشاردنەوە و خۆگۆڕین سازبکات کە لە دوژمنایەتیی و ناحەزییکردن دەیپارێزن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم ویژدانە intuition نەیتوانی وەربگۆڕێت بۆ بڕێک چەمکی ئەقڵیی کە ڕێچکەیەک بهێنێتە بوون، بەڵکو لە نێو بڕێك هەوڵی هێمایی و شێوەی خوازەیی لێکدیجیاوازدا خۆی نواند.
ئەگەر هەندیك لەو لاپەڕانە بخوێنینەوە کە کیرکەگارد دەربارەی "تاریکاییە ڕۆحییەکان" ténébres spirituellesی ئەو خودە نووسیونی کە سۆراخی خودا دەکات، بە دەنگێکی ڕاستگۆیانە و بەرز نووسیونی کە گەواهیی ئەزموونێکی سۆفیگەرانەی قووڵی بۆ دەدەن. لەڕاستییدا ئەو کێشەیەی کە وەک تاکە کێشەی گرنگ ڕووبەڕووی کیرکەگارد بووەوە کێشەی باوەڕ بوو، چونکە کیرکەگارد پێی وا بوو کە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ سەلماندنی ڕاستیی باوەڕ تەنها ڕێگای ڕەتدانەوەی جیهانی ئەقڵ و لۆژیک نەبێت (ئەو جیهانەی لە لای کیرکەگارد بایەخ و گرنگیی خۆی هەیە، ئەگەرچی لە دیدی ئەودا، واتە لە دیدی کیرکەگارددا، جیهانێک بوو لە هیگڵدا خۆی بەرجەستە دەکرد). لەلایەکی دیکەوە باوەڕی کیرکەگارد ئاوێتەی بڕێک بنەمای گشتیی یاخود ڕاستیی ڕەها نەبوو (بە وێنەی باوەڕی ئایینزای پڕۆتستانتییەکان کە بە کڵێسایەکی بەهێزەوە پەیوەست نین لە نێو یەکێتییەکی هەمەگیردا کۆیانبکاتەوە) هەر بۆیە بە سروشتی خۆی باوەڕێکی ئازاد بوو و بەئاسانیی وەردەگۆڕا، هیچ توخمێک لە توخمەکانی دڵنیایی یاخود ئەرخەیانیی تێدا نەبوو. ئەم چەشنە باوەڕەیش دژوار نییە کە پەیوەستی نیگەرانیی و ترس و پارچەبوونی ناوخۆیی déchirement intérieur لە نێو ناخی دەروونی خاوەنەکەیدا ببێت و، بگرە بەو ڕادەیەیش ببێت بە ڕاستەقینە کە ئەم کارکردە دەروونییانە ئاوێتەی دەبن.
لێرەیشدا ئەو ئەزموونە ڕۆحییە کە کیرکەگارد چەشتی و ئەزموونی کرد ڕۆڵی سەرەکیی و گرنگی خۆی گێڕا: کیرکەگارد کە پێشتر کیژێکی مارەبڕیبوو کە خۆشیویست و ئەویش ئەمی خۆشویست، بیرکردنەوەی لەسەر ئەو ڕایە گیرسایەوە کە ئەم مارەبڕینە هەڵبووەشێنێتەوە و، ئەم قوربانیدانەیشی وەک ئەو قوربانیدانە تەماشاکرد کە ئیبراهیم خەلیل قوربانییدا و، بڕوای وا بوو ئەگەر ئەو باوەڕە ڕاستەقینەیەی هەبێت کە ئیبراهیم هەیبوو، ئەوکات پێویستە کە دیسان پەرجوو بقەومێت و، بەم پێیە دەستگیرانەکەی بگەڕێتەوە بۆ لای، وەک چۆن ئیسحاق گەڕایەوە بۆ لای باوکی. بەڵام دەستگیرانەکەی نەگەڕایەوە بۆ لای و، ئەم ئەزموونەیش پاڵینا کە پێی وا بێت باوەڕ ڕاز و نهێنییەکە کە ناتوانرێت پەی پێ ببرێت، هەروەها ڕێچکە نائەقڵیی irrationalismeەکەیشی سەرباری ئەم ئەزموونە بوو و کیرکەگارد گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بڵێت: کەسی بڕوادار (یاخود مرۆڤی باوەڕدار) لە ڕووی خودی باوەڕ خۆیەوە لە نێو گومانێکی سەخت و کوشندەدا دەژی: لەبەرئەوەی تۆ ئەگەر پێتوابێت کە خاوەنی باوەڕێکیت وەک ئەوە وایە بەم کارە بێڕێزیی بە باوەڕ بکەیت.
بەڵام کیرکەگارد لەم دۆخە لە پارچەبوونی ناوخۆییدا بەجێمانناهێڵێت، بەڵکو دەسبەجێ مرۆڤ لە کەوتنی تەواوەتیی ڕزگاردەکات، لە چاوتروکانێکی خێرا و سەرنجڕاکێشدا، جیهانی پەرجوو و جیهانی ئازادیی مرۆڤ و ڕایەڵی بێهاوتای ئەقڵ لە نێوان خودا و مرۆڤدا دەسەلمێنێت. بەڵام ئەم سەلماندنە پشت بە چێژی سۆفیگەرانە و درەوشانەوەی ڕۆحیی دەبەستێت، کە لەلای کیرکەگاردی سۆفیگەر و تەنیا نەبێت دژوارە لای هیچ فەیلەسووفێکی دیکە بیدۆزینەوە!


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×