(67٪)ی کۆی توشبوان‌و حاڵەتەکانی مردن بەکۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانییە
  2020-06-18       964       

ئا: ئاوێنە

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و رێژەی مردنیش بە ڤایرۆسەكە گەیشتۆتە لەسەدا 3.7 کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر بەرزە، ئەو دەڵێت "(67٪)ی کۆی توشبوان‌و حاڵەتەکانی مردن بەکۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانییە".

 

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ حکومەت بڕی دو ملیاری دیناری وەک بودجەی فریاگوزاری بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی تەرخان کردوە.

ئەوەشی خستەڕو: لەدوای جەژنی رەمەزانەوە ژمارەی توشبوان و حاڵەتەکانی مردن بە کۆرۆنا لە هەرێم زیادیکردوە، بە دیاریکراویش لە پارێزگای سلێمانی، کە ئێستا رێژەی (67٪) لە کۆی توشبوان و حاڵەتەکانی مردن، لە سنوری ئەو پارێزگایەیە، کە ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانەش لە بەشێک لە دەروازە سنورییەکان گرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان بەپێی پێویست نەبوە، لەگەڵ خاڵەکانی پشکنین و شوێنە گشتییەکان، ئەوانەش هۆکاری بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە بون.

بەپێی قسەی دكتۆر سامان بەرزنجی، هەڵکشانی ژمارەی توشبوان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتی ئاساییکردنەوەی ژیان و هەروەها توندکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لای ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانە و پێویستە رێکاری توند و سزای ئەو شوێنانە بدرێن کە پابەندی رێکارەکان نابن.

وتیشی: تائێستا (2872) کەس توشی ڤایرۆسەکە بون و لەو ژمارەیەش (1525) کەس تائێستا لە نەخۆشخانەکاندا ماون، هەروەها (82) حاڵەتی مردنیش هەیە کە دەکاتە رێژەی (3.7٪) کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر بەرزە.

سەبارەت بە موچەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، دکتۆر سامان بەرزنجی باسی لەوەکرد، کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێدانی موچە و یەکەم وەزارەتیش کە موچە وەردەگرێت، تەندروستی دەبێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە سلێمانی بەشێک لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان مانیانگرتووە، دوێنێ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا د. دۆستی نەجات رایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە دەوامکردن، وتی "تا پارەی هاتووچۆمان پێبێت، لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکان بەردەوام دەبین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×