ئایا پێویستە کانت بەڕاسیست دابنێین؟ ڕەخنەی ئاوەزی سپی
  2020-07-08       767       
پەیکەری کانت

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە


ڕەخنە لە نووسینە ئەنترۆپۆلۆژییەکانی ئیمانوێل کانت کۆنە. ئایا پێویستە ئەمڕۆ ئەم فەیلەسوفەی ڕۆشناییەکان لەسەر پایەوە فڕێ بدرێتە خوارەوە؟
نووسینێکی لەگەڵ-لەدژ، لە لایەن فلۆریس بیسکامپ، لە: دێر تاگسشپیگل



ئایا ئیمانوێل کانت ڕاسیست (رەگەزگەرا) بوو و پێویستە ئەمڕۆ لەسەر پایەوە فڕێ بدرێتە خوارەوە؟ لەکاتی ئەو گفتوگۆیەوە کە لەتەک مێژووناس میشائێل تسۆیسکەدا لە "دۆیچلاندڕادیۆ کولتور" ئەنجام درا و گفتوگۆکە هەر لە مەغزای دەربڕینەکانی ئەودا وێنەدرایەوە، ئەو پرسیارەی سەرەوەش لەنێو چێوەی ناڕەزایەتییە دژ بە ڕاسیزمەکانی چەند هەفتەی ڕابوردوودا کرا بە بابەتی دانوستاندن. ئەوجا لەبەر ئەوەی سەرزەنشتی ڕاسیزم لەتەک وێنەی بوو بە باوی کانتدا وەک ئۆتۆرێتییە مەزنە مۆرالییەکەی کوێنیگسبێرگ ناگونجێت، ئەوا سەرزەنشتەکە لە سەرەنجامدا قیژەیەکی لە جیهانی ئەکادیمی هەڵساند. سەرەڕای ئەوە سەرزەنشتی ڕاسیزم نوێ نییە، بەڵکو بابەتی دێباتێکی چڕ بوو کە بەتایبەتی لە دەیەی یەکەمی دووهەزارویەکدا لە دیسکورزی پسپۆرییانەی فەلسەفەیی نێونەتەوەیی و ڕەخنەیی-ڕاسیستیدا ئەنجام درا. هۆکاری ئەو دێباتە و سەرزەنشتەکەی هەنووکەش بریتییە لە ڕیزێک تێکستی کانت لەبارەی مێژووی سروشت و ئەنترۆپۆلۆژی، کە لە 1770کان و 1780کاندا بڵاوی کردوونەتەوە و تێیاندا بەڕوونی تیۆرییەکی ڕەگەزەکانی داڕشتووە.
تێزەکەی کانت ئەوەیە کە سەرجەم مرۆڤان یەک ڕەچەڵەکیان هەیە، لێ لە ڕەوتی کاتدا بەهۆی پێشمەرجەکانی کەشەوە (کلیماوە) گۆڕانی جیاوازیان بەسەردا هاتووە، کە ئیدی ئەمڕۆ چوار "ڕەگەز" (Race) هەن: سپی، هندی، ڕەش، ئەمەریکی. مۆرکی ئەم ڕەگەزانە ئەوەیە کە بەڕوونی ئەدگاری جیاوازی بۆماوەییان هەیە و دەشێت لە ڕەوشی زارۆکانی "تێکەڵڕەگەز"دا پەرەبسێنن.
لێ گرنگیدانی کانت لە نووسینەکانیدا لەبارەی ڕەگەز کەمتر سیاسییە، بەڵکو پتر زانستی-سروشتی، ئەنترۆپۆلۆژی و زانستی-تیۆریانەن. کێشەی کانت ئەوەیە کە داخۆ چە جیاوازییەک لە نێوان مرۆڤاندا هەبن، هەروەها بە چە ڕێیەکەوە جیاوازییەکان سەرهەڵبدەن و چۆن زانست دیارییان بکات.
کەواتە ئەدگارە دەرەکی-لەشەکییەکانی "ڕەگەز"ەکان بابەتی سەرنجڕاکێشانی کانتن. سەرەڕای ئەوە کانت هاوکات تایبەتیمەندیی ئەوتۆیان دەداتە پاڵ کە لەو ئەدگارانەیان تێپەڕدەکەن و دیاریکردنیشیان بە هیچ شێوەیەک ئۆبژێکتیڤی (مەوزوعی) نییە. ئاخر چوار ڕەگەزەکە لە ڕووی چوستی و توانستی ئاوەز و توانستی هێنانەگۆڕێی کولتوورەوە جیاوازن لە یەکدی. ئەم توانستانە تەنیا لای سپییەکان بەتەواوی شکۆفەیان کردووە، دوای ئەوان بە دابەزینی هەرەمییانە هندی و ڕەشەکان دێن، ئەوجا لە ژێرەوەی هەرەمەکەدا دانیشتوانی هەرە سەرەتایی ئەمەریکا خۆیان دەبیننەوە.
کێ ئەو تێکستە ناوبراوانە بخوێنێتەوە، بەدەگمەن دەتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە ئەو هەڵوێستانەی کانت بەگوێرەی پێورەکانی ئەمڕۆ گەرەکە بە ڕاسیستی (ڕەگەزگەری) دابنرێن. لێ دانانی نووسەرێکی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم بە ڕاسیسیت هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت کە کەسی مەبەستلێبوو بەگوێرەی پێورەکانی ئەمڕۆ بنرخێنرێت. ئاخر تێگەی ڕاسیزم لەکاتی سەدەی بیستەمەوە سەریهەڵداوە. سەرەڕای ئەوە حوکمدانێکی ئاوها بەرەو پاش وەرچەخێنراو ناشێت لەخۆدا ناڕەوا بێت، بەڵکو تەنانەت حوکمدانێکی ناچارەکییە: ئاخر کێ بییەوێت لە مێژووی ڕاسیزمی ئەوروپی تێبگات، دەبێت شرۆڤەی گۆڕانە ئیدیۆلۆژییەکانی سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەم بکات، جا گەر تەنانەت ئەو تێگەیە لەو دەمەدا نەبووبێت. گەر ئێمە پێش-سۆکراتیییەکان ناو بنێین پێش-سۆکراتی، ئەوا ناونانەکەمان هەڵە نابێت تەنیا لەبەر ئەوەی تێگەکە لە سەردەمی ئەوان خۆیاندا نەبووە. ئێمە لەم پەیوەندییەدا تەنیا گەرەکە خۆمان لە گوناهبارکردێکی مۆرالی بەدوور بگرین، ئەمەش کەمتر لەبەر ئەوەی بەو جۆرە گوناهبارکردنە زوڵم لە ڕابوردوو دەکەین، نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە هەلوێستێکی بەو چەشنە زۆر سانا و کەمبایەخ مەزنێتی بە خودی خۆمان دەدەین.
دیاریکردنی کانت وەک ڕاسیسیت بەتایبەتی بەو ڕێیەوە ڕەوایە، کە ئەو تەنیا "زارۆکی سەردەمەکەی خۆی" نییە و بێلایەنانە پێشبڕیاری باوی ئەو سەردەمە لاسایی بکاتەوە، چونکە ناچار بووە وەک زارۆک ئەوە بکات. نەخێر، کانت لە لایەنی خۆیەوە رۆڵێکی چالاک و خۆیی و شەفافی بۆ گۆڕاندان بە ئیدیۆلۆژیی ڕاسیزم نواندووە، بێگومان رۆڵێک کە ئەو خۆی وەک بەشێکی بایەخمەندی سەرجەم بەرهەمەکەی لێی دەڕوانی. کانت بەڕوونی لەو دێباتانەدا داکۆکیی لە تیۆرییەکانی خۆی لەمەڕ ڕاسیزم دەکرد کە ئەو لەدژی نووسەرانی وەک یۆهان گۆتفرید هێردەر ئەنجامی دەدان و تیۆریی ڕاسیزمیان ڕەتدەکردەوە.
سەرەڕای ئەوە پرسیاری ڕاستینە لە ناکۆکیی فەلسەفەییدا ئەمەیە: ئایا چۆن بەرهەمی نووسەرێک بخوێنینەوە کە لە لایەک ئێتیکێکی (ئەخلاقناسییەکی) جیهانگیرانەی ئازادی و یەکسانی، لە لایەکی دی تیۆرییەکی هەرەمییانەی ڕەگەزەکانی فۆرمولە کردووە؟ پەیوەند بەم پرسیارەوە دەتوانین جیاوازی لە نێوان دوو هەڵوێستدا بەدرشتی بکەین:
یەکەم: ئاڕاستەیەکی سەرەکیی باو هەیە کە دڵسۆزە بۆ کانت و دەخوازێت تا بکرێت کەم لە وەرگرتنی (ڕێسەپسیۆنی) تائێستاکانەی کانت بگۆڕێت. لە روانگەی ئەم جۆرە هەڵوێستەوە تیۆرییەکانی ڕەگەزەکان لەنێو سەرجەم بەرهەمەکەی کانتدان، کە بێگومان بەشێکی نالەباری ئەو بەرهەمەن، لێ کەمبەهان، جگە لەوە هۆکاری ئەم بەشە بەتایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەسەهووداچوونە ئەمپیریانە (تەجریبییانە) کە لە پابەندییە مێژووییەکانەوە هاتنەگۆڕێ و هیچ بایەخێکیان بۆ فەلسەفە و ڕاڤەکردنی نییە.
دووەم: هەڵوێستە دژبەرەکانی ڕاسیزم هەن کە هەردوو بەشی بەرهەمەکەی کانت وەک دانەبڕاو لەیەک دەخوێننەوە. لەم ڕوانگەیەوە فەلسەفەی مۆرال پێشانی دەدات کە چۆن گەرەکە سەبژێکتانی (بکەرانی) ئاوەزبەتوانا ڕەفتار لەتەک یەکدیدا بنوێنن، هەروەها تیۆریی ڕەگەزەکان ڕوونی دەکاتەوە کە کارایی ئەو فەلسەفەیە بۆ کێیە: بۆ سپییەکان، نەک بۆ ئەوانی دی. بەم پێیە فەرمانە ڕوون و ئاشکراکە(Der Kategorische Imperativ) (کە ئامانجی ناخەکییانەی کرداری مۆرالییە لە فەلسەفەی کانتدا – و)، بریتی نییە لە: "ئەوها کردار بنوێنە کە تۆ هەردەم مرۆڤایەتی هاوکات چە لە کەسی خۆت و چە لە کەسی هەر یەکێکی دیکەدا وەک مەبەست، لێ هەرگیز وەک دەستوێژ بەکارنەهێنیت"، نەخێر، ئەوسا فەرمانەکە بریتییە لە: "ئەوها کردار بنوێنە کە تۆ ڕەگەزی سپی هاوکات چە لە کەسی خۆت و چە لە کەسی هەر یەکێکی دیکەی سپیدا وەک مەبەست، لێ هەرگیز وەک دەستوێژ بەکارنەهێنیت، لێ تۆ دەتوانیت ئەندامانی ڕەگەزەکانی دی وەک ئۆبژێکتی پەتی دابنێیت و هەڵسوکەوتیان لەتەکدا بکەیت". ئەمە بریتییە لە تێڕوانینی فەیلەسوفی جامایکایی چارلس و. میلس (Charles W. Mills) کە لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی "مرۆڤە ژێرینەکانی کانت" دەریدەبڕێت.
ئێمە دەتوانین بۆ هەردوو لایەن ئەرگومێنتی لەبار پێشان بدەین: لایەنێکیان دەتوانێت ئاماژە بۆ ئەوە بدات کە کانت فەلسەفەی مۆرالەکەی خۆی بەئاشکرا بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی فۆرمولە کردووە، ئەو هەروەها لە نووسینە ئەنترۆپۆلۆژییەکانیدا جەخت لەوە دەکات کە چوار "ڕەگەز"ەکە سەر بە هەمان مرۆڤایەتین. لێ لایەنەکەی دی دەتوانێت لە تێکستی کانتدا شوێنی ئەوتۆ پێشان بدات کە ئەو تێیاندا ڕەوایەتی بە کۆیلایەتی دەدات و دەبێژێت، ئەوروپا ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێت بە یاسادانەری سەرجەم جیهان.
ئێستا گەرەکە بپرسین کە ئایا کانت "لەسەر پایەکەوە فڕێبدەینە خوارەوە"؟ لێ پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە داخۆ ئێمە چی لە فڕێدانەخوارەوە تێبگەین. گەر مەبەست لەوە بێت کە چیدی ئەدگارێکی پێوارەیی بە کانت نەدرێت، ئەوا باش دەکەین کە واز لەم هەڵمەتەی دوورخستنەوەی وێنەکان بهێنین. ئاخر کێ ئەوها مامەڵە لەتەک دابی فەلسەفەییدا بکات، ئەو کەسە ناتوانێت شتێکی ئەوتۆ نە لەبارەی فەلسەفە و نە لەبارەی ڕاسیزم فێرببێت. لێ گەر "فڕێدانەخوارەوە لەسەر پایەکەوە" ئەو واتایە بگەیەنێت، کە چیدی گەرەک نییە کانت وەک پیرۆزێکی بەڕەهایی بەدەر لە هەڵە ڕێزلێبنێین، ئەوا باشترە تا زووە ئەمڕۆ هەڵمەت بۆ دوورخستنەوەی وێنەکان بەرین، ئەوجا گەر دەستمان بەو کارە کردبێت، ئەوا باش دەکەین بیر لەوەش بکەینەوە کە داخۆ هەرگیز پێویست بێت هەر کەسێک بە هەر شێوازێک لەسەر پایەیەک دابنێین. لێ تەنیا گەر ئێمە واز لە هەڵوێستی یەکەم بهێنین و ئەوەی دووەمیان ئەنجام بدەین، ئیدی دەتوانین کارێکی گونجاو بکەین: کانت لە ناتەبایی خۆیدا بخوێنینەوە و لەنێو سەرجەم بەرهەمەکەیدا نەک تەنیا فەلسەفە پراکتیکییەکەی، بەڵکو هەروەها ڕاسیزمەکەی و ڕەوایەتیدانەکانی دیکەی ئەو بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات، کە شیاوی ڕەوایەتیپێدان نین، بەهەند وەربگرین. ئێمە بەتایبەتی لە پەیوەندیی نێوان هەردوو ئەو لایەنەدا دەتوانین گەلێک شت فێر ببین.
لێ هەروەها شیمانەیەکی دیکە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم خەریکبوونە: کانت لە نووسینی "لەبارەی ئاشتیی هەمیشەیی"دا کە لە تەمەنی پیریدا نووسیوێتی، ئەوە دێنێتە بەر باس کە دەبێت لە نووسینەکانی سەردەمی گەنجێتییدا بێهودە بۆی بگەڕێین: کانت لەم نووسینەدا بەئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە سەرجەم مرۆڤان، سەربەخۆ لە "ڕەگەز"یان، ستاتۆیەکی هاومافیان وەک سەبژێکت هەیە، هەروەها کانت بەڕوون و ئاشکرایی کۆلۆنیالیزم و کۆلایەتی وەک تاوان مەحکوم دەکات. وەک خانمی فەیلەسوف پاولینە کلاینگێلد دەبێژێت، کانت "Second Thoughts on Race"ی هەبوو، کەواتە ئەو گومانی لە تیۆرییەکەی خۆی لەمەڕ ڕەگەزەکان (ڕاسەکان) کردووە و لە کۆتاییدا چاوی پێدا خشاندۆتەوە – لایەنی کەم بە تێهەڵکێشکراوی لە بەرهەمەکەیدا بەبێ ئەوەی بەئاشکرا دەری ببڕێت.
ڕەنگە بۆ ئێمەی پیاوانی سپی هێشتا هیوایەک هەبێت و ئێمەش بتوانین لە تەمەنی پیریدا تەقەلا بۆ لەبیربردنەوەی ڕاسیزم بدەین، لەم تەقەلایەشدا دەتوانین زۆر چاک کانت بە نموونە وەربگرین. لێ ئێمە تەنیا کاتێک ئەمەمان پێدەکرێت، گەر ئیعتراف بەوە بکەین کە ڕاسیزمێک هەبووە و بە پێویستمان زانیوە لەبیر خۆمانی بەرینەوە. لێ کێ هەڵوێستی بەو چەشنە وەربگرێت، هیچ پێویست نییە لەسەر پایە دابنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×