فراكسیۆنی یەكگرتو، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە لاواز ناو دەبات
  2019-04-10       1110       

 

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی، زیاد جەبار رایدەگەیەنێت لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە ئێمەیان وتوە كە بەهۆی پشوەكانەوە نەیانتوانیوە وەك پێویست راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن، هەر بۆیە داوای دواخستنی پەرلەمانی كردوە، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكگرتوش، ئەبوبەكر هەڵەدنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە لاواز ناو دەبات.

ئاوێنە: زیاد جەبار، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی دواخستی كۆبونەوەی پەرلەمان بە ئاوێنەی وت "لیژنەی یاسایی پێشنیاری دواخستنی كۆبونەوەكەی كردوە، بەڵام كاتی كۆبونەوەی داهاتو دیارینەكراوە، من پێموایە كۆبونەوەی پەرلەمان بكەوێتە هەفتەی داهاتو، دواخستی كۆبونەوەكە پەیوەندی بە هێزە سیاسییەكانەوە هەیە بە تایبەت پارتی‌و گۆران، بەڵام بیانوی لیژنەی یاسایی ئەوە بوە كە ئەم چەند رۆژەی رابردو لەبەر پشوەكان نەیان توانیوە راپۆرتەكان ئامادە بكەن.


پێشی وایە دواخستنەكە زیاتر پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتیەوە هەیە‌و بۆ ئەوەی لەو پرسە نیشتمانییەدا هەمو لایەنەكان پێكەوە بن، لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە دەوترێت دواخستنی كۆبونەوەكە بۆ ئەوە بوە كە پارتی هەوڵەكانی بخاتە گەر بۆ لێكنزیككردنەوەی یەكێتی‌و گۆران، ئەو وتی "دواخستنەكە پەیوەندی بەو بابەتەوە نیە ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتنمان كردوە و لە داهاتویەكی نزیك ئیمزا دەكرێت، من نازانم ئەگەر گۆران‌و پارتی كێشەیەكیان هەبێت لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم".


هەروەها ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتو لەبارەی دواخستنی كۆبونەوەكە بە ئاوێنەی راگەیاند هۆكاری دواخستنی كۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان نەگەیشتنە رێككەوتنی سیاسی لایەنەكانە لەسەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە جێگرەكانیەوە هەیە.


وتیشی "هۆكاری سەرەكی دەگەرێتەوە بۆ لاوازی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، كە بەداخەوە كاتی  كۆبونەوە دادەنێن‌و دواتریش دوای دەخەن، ئەگەر دەزانن رێككەوتنی سیاسی نەكراوە بۆ وادەی كۆبونەوە دیاریی دەكەن، لەماوەی 2 مانگی رابردو بەئاشكرا پێشێلی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت".

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش لەفراكسیۆنی گۆران، ئاشنا عەبدوڵا بە ئاوێنەی راگەیاند ئەوان كێشەیان لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی نیە‌و پێداگرن لەسەر ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بزوتنەوەی گۆران‌و پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆ كراوە.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆران هەڵوێستی لەسەر دانانی جێگری دوەمی سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی چیە؟ ئەو وتی "ئێمە بە هەمو شێوەیەك دانانی جێگری دوەم بۆ بۆ سەرۆكی هەرێم رەتدەكەینەوە"، پێشی وایە نابێت پۆست بۆ كەسەكان دابتاشرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×