بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی: كۆمپانیایەكی ئەوروپی دەیەوێت گەنمی كوردستان بكڕێت
  2020-08-10       853       

بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى ئاماژە بەوە دەدات كە بەهۆی نەگونجاوی شوێنەكەی، رەزامەندیان دەرنەبڕیوە بۆ دروستكردنی ئەو عەلوەیە كە بڕیارە لە نزیك تاسڵوجە دروستبكرێت. راشیگەیاند؛ كەرتی كشتوكاڵ پێویستی بە وەبەرهێنانەو بۆ بوژانەوەشی پێویستە لەدەستی حكومەت دەربهێنرێت. دەشڵێت: كۆمپانیایەكی ئەوروپی دەیەوێت گەنمی كوردستان بكڕێت.

ئاوێنە: شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای گۆڕان رایگەیاند:  خۆشبەختانە کۆمپانیایەکی ئەوروپی دەیەوێت گەنمی کوردستان بکڕێت، داوامان کردوە بەپێی پلەکانی (1 و 2 و 3) نرخەکانمان پێ بڵێت وتایبەتمەندی و کوالیتی گەنمەکە چۆن بێت و لە چەند رۆژی داهاتودا ئەگەر وەڵامان دەستکەوت، ئەوا بانگەواز دەکەین بۆ جوتیاران بۆ ئەوەی بێن گەنمەکانیان بهێنن.

وتیشی: ئێمە نەخشەرێگایەکمان کێشاو رادەستی ئەنجومەنی وەزیرانمان کرد کە لەکابینەی نوێدا، تا وابکەین کشتوکاڵ بەشدار بێت لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری حکومەت و هاوشانی نەوت بێت.

بەرێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى پێى وایە، دۆخی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و کەمبونەوەی بودجە وایکرد نەتوانن پلانەکە جێبەجێ بکەن.

باسى لەوەشکرد، کشتوکاڵ تەنها پێویستی بە بودجە و پارە نیە، بەڵکو ئەگەر بێت و ئەنجومەنی وەزیران دەستی وەزارەتی کشتوکاڵ بکاتەوە، پێویستە ئەم کەرتە بەش بەش بکرێت و لە دەستی حکومەت دەربهێندرێت بە تەواوەتی، حکومەت پێویستی بەو هەمو پارە و تێچو و فەرمانبەرە نیە، بەڵکو وابکرێت وەبەرهێنەر بهێندرێتە ناوەوە، بەڵام ئاسانکاری بۆ بکرێت و وەبەرهێنان بکات لە کەرتی کشتوکاڵ، و یاسا و رێساکانی بۆ رێکبخرێت و پارێزگاری لێ بکرێت لە بەرهەمەکانیان.

سەبارەت بەو عەلوەیەى بڕیارە لەلایەن کەرتى تایبەتەوە لە سلێمانى دروست بکرێ، شاڵاو جەمال وتى: شوێنی عەلوەکە گونجاونیە و ناتەندروستە و نزیکە لە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەوە و ئێمە وەکو کشتوکاڵی سلێمانی رەزامەندیمان دەرنەبڕی، چونکە ئەو عەلوەیە دەکەوێتە ژێر رەحمەتی تەپوتۆزی کارگەکانی تاسڵوجەوە و زیانی زۆری دەبێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×