ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی: خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەكەین
  2020-10-18       533       

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی داوا لە مامۆستایان دەكات درێژە بە بایكۆتی هەمو شێوازەكانی خوێندن بدەن و جەختیش دەكاتەوە كە لە پێناوی ڕەتکردنەوەی ستەمکارییەکانی دەسەڵاتدا لە زوترین کاتدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەن.

ئاوێنە: ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ستەمکاری زیاتر لە موچەخۆران و هاوڵاتیان دەکەن، لە نوێترین بڕیاری ستەمکارانەیاندا بڕیاریان داوە موچەی پێنج مانگ بێسەروشوێن بکەن و دوای دومانگ موچەیەک بە لێدزینەوە دابەش بکەن، هاوکات هیج باکیان بە برسییەتی و هەژاری و بێ موچەیی هاوڵاتیانەوە نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "سەرچاوەی ئەم بێباکی و ستەمکارییەی دەسەڵاتدارانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی و بێهەڵوێستی موچەخۆران و هاوڵاتیان و چۆڵبونی شەقام لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان."

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی داوای لە مامۆستایان كردوە "دوای دابەشکردنی ئەو موچەیەی دوای شەست ڕۆژ بە لێبڕینەوە وەری دەگرن، درێژە بە بایکۆتی هەمو شێوازەکانی خوێندن بدەن."

وتوشیەتی"بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن بەشێکە لە پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنەوەی کۆمەڵگەو بێنرخکردنی خوێندن و بڕوانامە و خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان، پێویستە دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "حکومەتێک بە دو مانگ موچەیەکی پێ نەدرێ، شایستەی حکومڕانی نییەو پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە. هاوکات لە پێناوی ڕەتکردنەوەی ستەمکارییەکانی دەسەڵات لە زوترین کاتدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەین."

دەقی راگەیەندراوەكە...

لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە
مامۆستایانی سەربەرز
دایک و باوکی خوێندکاران
فەرمانبەر و کاسبکاران
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ستەمکاری زیاتر لە موچەخۆران و هاوڵاتیان دەکەن، لە نوێترین بڕیاری ستەمکارانەیاندا بڕیاریان داوە موچەی پێنج مانگ بێسەروشوێن بکەن و دوای دومانگ موچەیەک بە لێدزینەوە دابەش بکەن، هاوکات هیج باکیان بە برسییەتی و هەژاری و بێ موچەیی هاوڵاتیانەوە نییە.

سەرچاوەی ئەم بێباکی و ستەمکارییەی دەسەڵاتدارانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی و بێهەڵوێستی موچەخۆران و هاوڵاتیان و چۆڵبونی شەقام لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان .

دوای ئەم بڕیارە ستەمکارانەیەی دەسەڵاتە شکستخواردوەکەی هەرێم هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا دەخەینەڕو .

1 ـ داواکارین مامۆستایان دوای دابەشکردنی ئەو موچەیەی دوای شەست ڕۆژ بە لێبڕینەوە وەری دەگرن، درێژە بە بایکۆتی هەمو شێوازەکانی خوێندن بدەن.

2 ـ دەسەڵاتداران بە بڕیار و کارەکانیان بەردەوام بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروستدەکەن و دەیانەوێ تەواوی کەرتی گشتی بکەن بە کەرتی تایبەتی حیزبی، ئەرکی هەمو هاوڵاتیان و دایک و باوکی قوتابیان و فەرمانبەرو کاسبکارانە هاوکاری مامۆستایان بن بۆ ڕێگری له ستەمکارییەکانی دەسەڵات، چونکە پێش هەمو کەسێک خۆیان و منداڵەکانیان باجی ئەم ستەمکارییانە دەدەن .

3 ـ بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن بەشێکە لە پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنەوەی کۆمەڵگەو بێنرخکردنی خوێندن و بڕوانامە و خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان، پێویستە دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن .

4 ـ پشتیوانی هەڵوێستی ئەو لقانەی یەکێتی مامۆستایان و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکەین کە بڕیاری بایکۆتیان داوە، هیوادارین تا جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی مامۆستایان بەردەوام بن لە هەڵوێستەکانیان .

لە کۆتاییدا ڕای دەگەیەنین حکومەتێک بە دو مانگ موچەیەکی پێ نەدرێ، شایستەی حکومڕانی نییەو پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە. هاوکات لە پێناوی ڕەتکردنەوەی ستەمکارییەکانی دەسەڵات لە زوترین کاتدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەین.

هیوادارین هەمو هاوڵاتیان و کەسوکاری و قوتابیان و فەرمانبەران بەشداربن و بەدژ ستەمکاری ئەم دەسەڵاتە فاشیلەدا بچنەوە.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی
18 ی ئۆکتۆبەری 2020

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×