وتەبێژی حكومەتی عێراق: لە چەند رۆژی داهاتودا بەغداو هەولێر دەگەنە رێككەوتن
  2020-12-03       1045       

حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق و وەزیری رۆشنبیری راگەیاند، کێشە داراییەکانی نێوان عێراق و هەرێم بەرەو چارەسەرکردن دەچن و لە چەند رۆژی داهاتودا دەگەنە رێککەوتن.

ئاوێنە: حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق و وەزیری رۆشنبیری ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە "ئێن ئاڕ تی" راگەیاند، کێشە دارایەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بەرەو چارەسەر دەچن و لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ھەوڵی جدی ھەیە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەربن.

ئەوەشی خستەڕو"لە چەند رۆژی داھاتودا بە ھەوڵی ھەردولا دەگەینە ریککەوتن."

لە سەرەتای مانگی رابردودا، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارە کوردەکان، یاسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرزکردن)ی تێپەڕاند.

لە یاساکەدا هاتوە، کە هیچ هاوکارییەکی دارایی هەرێمی کوردستان ناکرێت ئەگەر نەوت و داهاتەکانی دیکە رادەست نەکات، بۆ ئەوەش، مەرجیان داناوە کە بڕی نەوتەکەی هەرێم دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ دیاری بکات.

لە مانگی ئابی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم و عێراق رێککەوتنێکیان کرد و تێیدا هاتبو، کە بۆ ماوەی سێ مانگ حکومەتی فیدراڵی مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار دەنێرێت و بەوەش، هەرێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و داهاتەکانی دیکەدا موچەی فەرمانبەرانی خۆی پێدابین دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق، دوجار ٣٢٠ ملیار دینارەكەی بۆ هەرێم ناردوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×