لەپرۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا پشكی هەرێم به‌بڕی‌ 13 ترلیۆن‌و 904 ملیار دینار دیاریكراوە
  2020-12-29       764       
لەپرۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا كۆی خەرجی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 بەبڕی 13 ترلیۆن‌و 904 ملیار دینار دیاریكراوە.

ئاوێنه‌: بەختیار شاوەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبوك نوسیویه‌تی‌، پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ئێستا گەشتە پەرلەمانی‌ عێراق، شەڕە گەورەکە لێرەوە دەستپێدەکات، بەتایبەتی لەسەر  پشکی هەرێم.

بودجەكە كۆی خەرجی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2021 بەبڕی 13 ترلیۆن‌و 904 ملیار دینار دیاریكردووە، كە 3 ترلیۆن دیناری زیاترە لەكۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە (10 ترلیۆن و 728 ملیار) دینارە. 

ماددەی 11ی پرۆژەیاساكە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان، واتا نەوت‌و بەشە بودجە. بەپێی ئەو رەشنوسەی بودجە كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان، جارێكی تر هاوشێوەی ساڵانی پێشو، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە بەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات، نەك نەوتەكە خۆی، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە پەرلەمانتارانی شیعە لەپەرلەمان دژایەتی دەكەن‌و دەیانەوێت هەرێم نەوت رادەست بكات نەك داهاتەكەی، ئەمە یەكێكە لەو بڕگانەی كە رەنگە لە پەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت.

بابەتێكی تر كە لەرەشنوسەكەدا هاوشێوەی ساڵانی پێشو وەكو خۆی ماوەتەوە بابەتی (مقاصە) واتە "لێبڕێن"ە، مەبەست لەلێبڕین ئەوەیە، ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، حكومەتی عێراق بەهای ئەو بڕە نەوتە بەپارە لەبەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، ئەمەش یەكێكی ترە لەو بڕگانەی ناو پرۆژەی بودجە كە رەنگە لەپەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت، چونكە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن، لێبڕین بنەمایەكی سیاسییە نەك دەستوریی‌و دەبێت كۆتایی پێ بهێنرێت.

ماددەی 11ی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق كە تایبەتە بەهەرێمی كوردستان، لەچەند بڕگەیەك پێكدێت كە پوختەكەی بەمشێوەیە:

ماددەی 11 بڕگەی یەكەم:
شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2020 پاكتاودەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات..

ماددەی 11بڕگەی دووەم- خاڵی (ا):
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بەرادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانەی كێڵگەكانی، بەو نرخەی كە كۆمپانیای "سۆمۆ" دەیفرۆشێت، ئەو بڕە نەوتەی كە دەمێنێتەوە بەكاردەهێنرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆی هەرێم‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتەكەی هەرێم.

ماددەی 11 بڕگەی 2- خاڵی ج:
ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بە بڕگەی (1)، واتە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە لە پشكی هەرێم دەبڕێت.

كۆی پشكی هەرێم لەبودجەی 2021ی عێراق لە پرۆژەكەدا بەمشێوەیەیە:
-    بودجەی بەكاربردن: 10 ترلیۆن و 912 ملیارو 627 ملیۆن‌و 512 هەزار دینارە.
-    بودجەی سەرمایەگوزاری:  2 ترلیۆن و 991 ملیارو 384 ملیۆن و 940 هەزار دینارە.
-    كۆی گشتی پشكی هەرێم: 13 ترلیۆن و 904 ملیارو 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە.

واتا ئەگەر هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت‌و ئەو پابەندە داراییانەی تری دەكەوێتە سەری رادەستی بەغداد بكات، ئەوا بەئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانی بدات، كە مانگانە پێویستی بە 894 ملیار دینارە كە ساڵانە دەكاتە 10 ترلیۆن و 728 ملیار دینار، واتا 3 ترلیۆن و 176 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە لەو 13 نرلیۆن و 904 ملیار دینارەی كە پشكی هەرێم دەبێت لەپرۆژە بودجەی 2021ی عێراق. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×