وتەبێژی حکومەتی هەرێم: لەمەودوا 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشدەکرێت
  2021-02-02       1253       
د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ''لەمەودوا 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشدەکرێت".

ئاوێنه‌: وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە "مەودوا 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشدەکرێت و کابینەی حکومەتیش هەمان بۆچوونیان هەیە و ئەم بڕیارەش چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

له‌باره‌ی دانوستانه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا وتی "کۆبوونەوەکان لەبارەی بودجەی 2021 لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە و ئێستا لەو چوارچێوەیەداین کە 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەکەی رادەستی حکومەتی عێراق بکەین و لەبەرامبەر ئەوەدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 14 ترلیۆن دینارە بدرێتە هەرێمی کوردستان. هەرچەندە باوەڕناکەین کە ئەوەندە بێت، هەروەها 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەکانیش دەدەینە حکومەتی عێراق وەک ئەوەی لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە. بۆیە دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەندی ئەوە بێت".
 
لەبارەی پێشنیازی تازەی حکومەتی عێراق لەبارەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا کە وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازی کردووە، د. جووتیار عادل وتی "پێشتر کارمان لەسەرئەوە کردووە کە لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن، ئەوانیشی ئەوان باسی دەکەن کە دەبێت رۆژانە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت رادەست بکات، ئێمە ئامادەین، بەڵام ئەگەر حکومەتی عێراق خەرجییەکان لە ئەستۆ بگرێت. ئێمەش لە چوارچێوەی دەستوور ئامادەی رێککەوتنین، هەرچەندە هەندێک کێشە هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت رێککبکەین.".
 
جووتیار عادل پێیوایە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕووی بابەتی تەکنیکییەوە هەموو داتاکانی خستووەتەڕوو، ئەوەی دیکە کە لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی باسی دەکەن رەهەندێکی سیاسیی لە پشتە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×