حكومەتی هەرێم دەڵێت: سزادراوانی بادینان پلانی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیان هەبوە
  2021-02-17     

نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوەڵامی رێكخراوێكی نێودەوڵەتیدا كە داوای ئازادكردنی سزادراوانی بادینانی كردبو، دەڵێت"تۆمەتباران لە رێگای سۆشیاڵ میدیاو گروپی دانوستان، پلانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبوە. "

ئاوێنە: دوێنێ سێشه‌ممە، دوای‌ دو ڕۆژ له‌دانیشتنی‌ دادگا، دادگای‌ دوی‌ هه‌ولێر‌ سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامه‌نوسان‌و چالاكوانانی‌ بادینان ‌(شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم‌و هاریوان عیسا)دا سه‌پاند.

بڕیارەكەی دادگای هەولێر ناڕەزایەتی توندی بەدوای خۆیدا هێناو لەوبارەیەوە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان ناسراو بە "سی پی جەی" لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەو سزای بەسەر هەردو رۆژنامەنوس شێروان شێروانی و گوهدار زێباریدا سەپێنراوە نەك تەنها بڕیارێكی نادادپەروەرانەو نەگونجاوە، بەڵكو دەشیسەلمێنێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم دواییانە دەستبەرداری بانگەشەكانی بۆ گرنگیدان بۆ ئازادی رۆژنامەوانی بوە.

سی پی جەی لە راگەیەندراوەكەیدا داوای كردبو كە ئەو رۆژنامەنوسانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە دەستبەجێ ئازادبكرێن و دەستبەرداری ئەو تۆمەتانەش ببن كە روبەڕویان كردونەتەوەو واز لە تەنگپێهەڵچنینی دەزگاكانی راگەیاندنیش بێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێكدا لە وەڵامی سی پی جەی-دا، وتویەتی، بڕیاری سزادانی ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە مایەی تانەلێدانە لەماوەی سێ رۆژ لە دوای بڕیارەكە.

ئەوەشی خستۆتەڕو"داواکراوان بەگوێرەی ماددەی 165 و بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969 کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە ژمارە 23 لە ساڵی 2003 پەسەندکراوە، دادگایی کراون."

بەپێی قسەی نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، تۆمەتباران لە رێگای سۆشیاڵ میدیا و گروپی دانوستان، پلانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبوە."

وتوشیەتی"بەڵگەکان بریتین لە گرتنی وێنەی ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنی و دەنگەنامە کە تێیدا باس لە هەڵگرتنی چەک دەکرێت دژی حکومەت. تۆمەتباران ئۆتۆمبێلی بێ بەڵگەیان بەکارهێناوە کە چوار مەغزەنی کڵاشینکۆڤ، تاپڕ و دوربینی سەربازیی تێدابوە."

نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستۆتەڕو"یەکێک لە تۆمەتباران هەوڵی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی شوێنی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سەر سنورو تاکتیکی سەربازی پێشمەرگە لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر داوە. هەروەها چاودێری چالاکییەکانی بەرپرسانی سەربازییان کردوە. ئەم زانیارییانە کە لە رێکخراوە ناحکومییەکان و هاوبەشە دەرەکییەکانیان وەریانگرتوە بڵاوکردوەتەوە. ئەم بەڵگانە ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو کەسانە رۆژنامەنوسیان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەش، تۆمەتباران لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار نەکردوە و کاریشیان بۆ هیچ دامەزراوەیەکی میدیایی نەکردوە. تایبەتمەندی رۆژنامەنوسیان نییە، تا وەک رۆژنامەنوسێک بەرگریان لێ بکرێت."

هەروەها وتویەتی"هەندێک تۆمەتکراوە بەوەی ئەم کەسانە لە ژێر فشار دانیان بە تاوانەکان ناوە، بۆ نەهێشتنی ئەم گومانە، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور و یۆنامی، مافی سەردانکردنی زیندانەکانیان هەبوە. پێشتر ئەوان رایانگەیاندبو، ژینگە و دۆخی دەستگیرکراوان لە ئاست بنەما نێودەوڵەتییەکانە."


زۆرترین بینراو
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئێستا یه‌كێتی پاره‌ له‌ سلێمانیدا خه‌رج ده‌كات، ئه‌وسا پاره‌ی تێدا سپی ده‌كرایه‌وه‌
ۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ناردوه له‌ ئه‌گه‌ری هێرشكردنه‌ سه‌ری وه‌ڵامی توندی ده‌بێت
لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کڵێسایەک لە باشووری ئوردن 6 کەس کوژران و 28ی دیکەش برینداربوون
ته‌ندروستی هه‌رێم كڕین و فرۆشتن به‌ جۆره‌ ده‌رزییه‌ك راده‌گرێت و له‌ بازاڕ ده‌یكشێنێته‌وه‌
لە پەراوێزخستنەوە بۆ ناوەندی بڕیار؛ چۆن دەنگدەرە گەنجەکان هاوکێشەی هەڵبژاردنی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دەگۆڕن؟
پۆلیس: هه‌وڵێكی كوشتن له‌به‌رده‌م بینای دادگای به‌رایی هه‌ولێر پوچه‌ڵكرایه‌وه‌
سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو بڕیاری گرنگ لەبارەی گروپە چەکدارەکان و نرخی دۆلارەوە ئاشکرا دەکات
​تۆم باراک: ترەمپ خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئێران لە شەممە یان یەکشەممەدا چاوەڕوانکراوە
"داهاتی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی سلێمانی به‌ڕێژه‌ی 29% كه‌میكردوه‌"
وەزارەتی دارایی کاتی دەستپێکردنی پێدانی پێشینەکانی بانکی ڕافیدەینی لە ڕێگەی "سوپەر کی"یەوە دیاری کرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×