وەڵامی جەلالی سام ئاغا بۆ وەزارەتی رۆشنبیری لەبارەی پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە كتێبەكەی
  2021-03-01       1452       

جەلالی سام ئاغا لەبارەی پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە كتێبەكەی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم دەداتەوەو بێزاری خۆی دەردەبڕێت لەوەی كە پڕۆسەی ژمارەی سپاردنی كتێب كە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فكرییە گۆڕدراوە بۆ سانسۆرو سنوردانان بۆ ئازادییەكان و دەشڵێت: هەڵوێستی‌ وەزارەتەكەتان‌، كە ئاسۆی ئازادییەكانی تاریك كردوە نیگەرانیی لای ئێمە دروست كردوە.

ئاوێنە: جەلالی سام ئاغا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە وەڵامێكدا بۆ وەزارەتی رۆشنبیری سەبارەت بە پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە کتێبەکەی دەڵێت"بێزار و پەستین بەوەی كە لە هەرێمدا پڕۆسەی ژمارەی سپاردنی كتێب كە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فكرییە گۆڕدراوە بۆ سانسۆر و سنوردانان بۆ ئازادییەكان."

ئاماژە بەوەشدەدات كە "سەرجەم نوسینەكانی بەرگی یەكەمی كتێبەكەمان كە ئێوە سانسۆرتان لەسەر داناوەو ژمارەی سپاردنی پێ نادەن! (10- دە ساڵ) پێش ئێستا، لە چوارچێوەی دو كتێبدا بڵاوكراونەتەوە، جگە لەوەی لە هەمو ڕاگەیاندنەكان بەتایبەتی ڕۆژنامەكاندا لە بەردەستی خوێنەراندا بون."

جەلالی سام ئاغا كە پێشتر سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی بوە، دەڵێت"هەڵوێستی‌ وەزارەتەكەتان‌، كە ئاسۆی ئازادییەكانی تاریك كردوە نیگەرانیی لای ئێمە دروست كردوەو ‌ناچاربوین، ئێمەش لە وەڵامی وتەبێژەكەتان هەڵوێستی خۆمان بە پوختی ڕابگەیەنین."

جەختیش دەكاتەوە "ئەم كتێبە ئەو كەسانە بێزار دەكات كە لە دەمێكدا ئێمە سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی/ سلێمانی بوین، ئەوان.. خەریكی گەندەڵی و تاڵانكردنی موڵك‌و ماڵی گشتی بون، بۆیە بەم كتێبە ئەوان قەڵس و وەڕس دەبن."

هەروەها هێما بۆ ئەوەش دەكات كە "ناوەڕۆكی ئەم كتێبەمان هیچ بابەتێكی نوێی دۆكۆمێنتی فەرمانگەیی تێدانییە، بە پێچەوانەی لێدوانی وتەبێژی وەزارەتەكەتانەوە، هیچ نهێنییەكی نوێی سەرۆكایەتییەكەی خۆمانمان بڵاونەكردۆتەوە، چونكە ئێمە ئەرك و كاری وەزیفی خۆمان فەرامۆش نەكردوە و بەرژەوەندی كارە وەزیفییەكانمان نەخستۆتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی خۆمانەوە...تۆ بڵێی لەوە تێنەگەیشتبین كە چی ڕێپێدراوە و چی ڕێپێنەدراوە بۆ بڵاوكردنەوە؟!"

جەلالی سام ئاغا هیوای خواستوە وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر بڕیارەكەی بۆ پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە كتێبەكەیان سور نەبێت و دەڵێت"چونكە ئەم كتێبە دواجار باجەكەی هەرچیی بێت ڕۆشنایی دەبینێت و دەكەوێتە بەردیدەی خوێنەران."

لەكۆتاییشدا جەخت دەكاتەوە كە "ئامانجی سەرەكی ئەم وەڵامەمان زیاتر بۆ داكۆكییە لە ئازادییە گشتیەكان نەك تكای وەرگرتنی ژمارەی سپاردن بێت، هیوادارین لەوە تێبگەن كە ئازادی نە بە ئێوە نە بە هیچ كەس سنوردار ناكرێ."

دەقی وەڵامەكەی جەلالی سام ئاغا بۆ وەزارەتی رۆشنبیری سەبارەت بە پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە کتێبەکەی

بەڕێز: وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان

لە ڕێگای وتەبێژی وەزارەتەكەتانەوە..

قەدەغەكردن و ڕێ پێنەدانی كتێب یا سانسۆر خستنە سەر فكر و نوسین و بڵاوكردنەوە، لە لایەن ئەوانەوە كە لە فكر و قەڵەم دەترسن مێژویەكی دورودرێژی هەیە لە ئێستا و لە داهاتوشدا دەمێنێت. ئەوانەی لە وشە دەترسن زیاتر ئەو ڕژێم و دەسەڵاتە دیكتاتۆر و سەركوتكەرانەن كە نەك هەر لە وشە و دێڕ و كتێب و ڕۆژنامەی ئازاد، بەڵكو لە سێبەری خۆشیان دەترسن.

ئێمە كە خەباتكاری ئازادیی گەلی خۆمان بوین لە شاخ و لە شار، لە ئەركی وەزیفیدا بوبێ یان هاوڵاتییەكی ئاسایی، هەمیشە شەڕی ئەوەمان كردوە كە خەڵك و كۆمەڵگەكەمان ئازادبن لە گوتن و بیروڕا دەربڕیندا.

بێزار و پەستین بەوەی كە لە هەرێمدا پڕۆسەی ژمارەی سپاردنی كتێب كە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فكرییە گۆڕدراوە بۆ سانسۆر و سنوردانان بۆ ئازادییەكان.

دەمانەوێت ئەوە بخەینە ڕو‌، سەرجەم نوسینەكانی بەرگی یەكەمی كتێبەكەمان كە ئێوە سانسۆرتان لەسەر داناوەو ژمارەی سپاردنی پێ نادەن! (10- دە ساڵ) پێش ئێستا، لە چوارچێوەی دو كتێبدا بڵاوكراونەتەوە، جگە لەوەی لە هەمو ڕاگەیاندنەكان بەتایبەتی ڕۆژنامەكاندا لە بەردەستی خوێنەراندا بون.

ئەم بەرهەمەی ئێستا دەمانەوێت بیخەینە بەردیدەی خوێنەران، كۆكردنەوەو ڕێكخستنەوەی ئەو نوسراوانەیە كە پێشتر بڵاومانكردونەتەوە، تا لە چوارچێوەی كتێبدا بپارێزرێن، ئەوانەی كە بەئاگان لە بواری ڕاگەیاندن و نوسین، دەزانن ئەم هەوڵەی ئێمە چەند تەندروستانە و یاساییانە بە پشویەكی درێژەوە هەنگاوی بۆ نراوە.

هەڵوێستی‌ وەزارەتەكەتان‌، كە ئاسۆی ئازادییەكانی تاریك كردوە نیگەرانیی لای ئێمە دروست كردوەو ‌ناچاربوین، ئێمەش لە وەڵامی وتەبێژەكەتان هەڵوێستی خۆمان بە پوختی ڕابگەیەنین:

یەكەم: ناوەڕۆكی كتێبەكەمان، كەمترین بابەتی بە قەڵەمی ئێمە تێدایە، تەنها ئەو دەمانە نەبێت، بەهۆی پرسێكەوە نوسینێكمان سەبارەت بە دۆستێك یان مرۆڤێكی بەئەمەك لە هاوڕێیانمان بڵاوكردبێتەوە، ئەوە نەبێت، كۆمەڵێك بەڵگەنامە و وتاری خاوەن قەڵەمی تێدایە سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەر دۆخێكی سەردەمی خۆی.

دوەم: ئەم كتێبە ئەو كەسانە بێزار دەكات كە لە دەمێكدا ئێمە سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی/ سلێمانی بوین، ئەوان.. خەریكی گەندەڵی و تاڵانكردنی موڵك‌و ماڵی گشتی بون، بۆیە بەم كتێبە ئەوان قەڵس و وەڕس دەبن.

ناوەڕۆكی ئەم كتێبەمان هیچ بابەتێكی نوێی دۆكۆمێنتی فەرمانگەیی تێدانییە، بە پێچەوانەی لێدوانی وتەبێژی وەزارەتەكەتانەوە، هیچ نهێنییەكی نوێی سەرۆكایەتییەكەی خۆمانمان بڵاونەكردۆتەوە، چونكە ئێمە ئەرك و كاری وەزیفی خۆمان فەرامۆش نەكردوە و بەرژەوەندی كارە وەزیفییەكانمان نەخستۆتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی خۆمانەوە، بۆیە دەڵێین ئێمە كە ماوەی (3- سێ ساڵ) بریكاری وەزارەتی دارایی‌و (10- دە ساڵیش) سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی بوین، تۆ بڵێی لەوە تێنەگەیشتبین كە چی ڕێپێدراوە و چی ڕێپێنەدراوە بۆ بڵاوكردنەوە؟!

ئەگەر هەر گەندەڵێكیش.. لە بەڵگەنامەیەكی ڕەسمیدا ناوی هاتوە، یان بە دەستپیس باسكراوە، ئەویش پێیوایە كە وانییە! ئەوا دادگا كراوەیە بۆیان.

سێهەم: ئێرە دەرفەتێكی باشە تا ئەوە بڵێین كاتێك گەندەڵكار و بەدناوێكی ئەم هەرێمە كتێبێكی لەسەر ئێمە و دیوانی چاودێری دارایی بڵاوكردەوە بێ ئەوەی جورئەت بكا كە ناوی خۆی یا هیچ ئامادەكار و نوسەرێكی لەسەر دابنێ و دەیان تۆمەت و تەشهیری بێ بنەمای خستە پاڵ خۆمان و هەمو سەربازە ونەكانی دیوانی چاودێری دارایی/ سلێمانی كە ئەو كاتە تاكە سەنگەری ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیی ‌و گەندەڵكاران و سنورداركردنی بە فیڕۆدانی داهاتی گشتی بوین، لەو كتێبە بێ دایك و باوكە بە هەزاران دانەی لەسەر حسابی پارەی دزراوی میللەت لێ چاپكرد‌و لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات بڵاوی دەكردەوە، وەزارەتەكەی ئێوە و سانسۆرەكەتان لە كوێ بون؟!

هیوادارین لەسەر بڕیارەكەتان بۆ پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە كتێبەكەمان سور نەبن، چونكە ئەم كتێبە دواجار باجەكەی هەرچیی بێت ڕۆشنایی دەبینێت و دەكەوێتە بەردیدەی خوێنەران.

لای هەموانیش ڕونە و پێشتریش خەڵكی تر دژی بڕیارەكەی ئێوە وەستاوەتەوە، چونكە دژی مافی ئازادی و ڕادەربڕینە كە دەستور و یاسا بۆ هەموانی فەراهەم كردوەو غەدرێكی گەورەشە لە پڕۆژەی كتێبەكەمان، بە تایبەتی كە بەهانەكانتان ناواقعی و نالۆژیكین.

با لە ڕوی رۆشنبیری و زانستیشەوە جارێكیتر ئەوەتان بۆ ڕاستبكەینەوە ئێوە بە هەڵە لە ژمارەی سپاردن تێگەیشتون، ژمارەی سپاردن لە بنەمادا بۆ پارێزگاری مافی موڵكییەتی نوسەرە بۆ ئەو بەرهەمەی نوسیویەتی، واتا ژمارەی سپاردن، سپاردنی ئەمانەتی ئەو دێڕانەیە كە نوسەر لە هەر بوارێكدا خاوەنیەتی و وەزارەتی ڕۆشنبیریش ئەو مافەی بۆ دۆكۆمێنت دەكات، واتا لە حاڵەتی پێنەدانی ژمارەی سپاردن دەتوانین لەو مافەی خۆمان خۆش بین و بێ ژمارەی سپاردن بڵاوی بكەینەوە، جا ئەگەر پێتان وایە تاوان و یاسا شكێنی دەكەین، فەرمون بماندەن بە دادگا، لە پێناوی ئەوەی داكۆكی لە ئازادی بكەین و دژی گەندەڵكاران بوەستینەوە لەم تەمەنە هەڵكشاوەی عومرماندا شانازی دەكەین بڕۆینە زیندان.

ئامانجی سەرەكی ئەم وەڵامەمان زیاتر بۆ داكۆكییە لە ئازادییە گشتیەكان نەك تكای وەرگرتنی ژمارەی سپاردن بێت، هیوادارین لەوە تێبگەن كە ئازادی نە بە ئێوە نە بە هیچ كەس سنوردار ناكرێ.

جەلالی عومەری سام ئاغا
1/3/2021

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×