کونسوڵی فەرەنسا: ئازادییە گشتییەكان، بابەتێكە ئێمە زۆر گرنگی پێدەدەین، لەگەڵ هەرێمی كوردستان
  2021-03-04       445       

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان و هێرشکردنە سەر غالب محەمەد، ڕایده‌گه‌یه‌نێت ”یاسا و ئازادییە گشتییەكان، بابەتێكە ئێمە وەك وڵاتی فەڕەنسا زۆر گرنگی پێدەدەین، لەگەڵ هەرێمی كوردستان”.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ، ئۆلیڤیێ دێکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەلایەن بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاکەوە پێشوازیی لێکرا، دواتریش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا، دەربارەی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان و هێرشی سەر پەرلەمانتار ‘غالب محەمەد رایگه‌یاند ”ئەمە ڕۆڵی من نیە باسی دۆسیەی دادگایی بكەم، بەڵام ئەوەی دەتوانم پێتان بڵێم، یاسا و ئازادییە گشتییەكان بابەتێكە ئێمە وەك وڵاتی فەڕەنسا زۆر گرنگی پێدەدەین، لەگەڵ هەرێمی كوردستان”.

وتیشی: ئێمە وڵاتێكی دۆستین لەگەڵ  هەرێمی كوردستان، خوازیارین ئەم بەها هاوبەشانە وەك جەرگەی دۆستایەتیمان بمێنێتەوە تێك نەچێت.

جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ١٦ی شوبات، دادگای هەولێر بڕیاری دا بە سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان’شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا، شڤان سەعید و گوهدار زێباری’ هەریەکە و بە شەش ساڵ زیندانیی، بە دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دیکەش لە زینداندان و هەمان مەترسیی چاوەڕێیانە.

هەروەها، ئێوارەی ۲٦ی شوبات، د.غالب محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی، لەلایەن کەسێکەوە بە “بۆکس خەنجەر” هێرشیکرایە سەر و بریندارکرا، تۆمەتباری سەرەکیی لە هەولێر داڵدەدراوە و ئەو سێ کەسەش کە تۆمەتبارن بەپلانداڕیژەری هێرشەکە، دەوترێت، کە لەژێر فشاری سەرۆکی پەدەکەدا ئازاد کراون، ئەمەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×