وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆی سنورداری راگەیاند
  2021-04-07       491       

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە هەرێمی كوردستان لە سەعات 8ی شەوەوە تاوەكو سەعات 6ی سەرلەبەیانی و بڕیارەكەش لە سبەی شەوەوە بۆ ماوەی چوار رۆژ جێبەجێ دەكرێت.

ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا كۆمەڵێك بڕیاری نوێی بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا دەركرد.

بڕیارەكان پێكدێن لە:

یەكەم: قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە تەواوی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهوك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەرین و گەرمیان و گشت یەكە كارگێڕییەكانیان لە سەعات 08:00ی شەو تاوەکو 06:00ی بەیانی.

دوەم: بەدەر لە خاڵی (یەكەم)ى سەرەوە، رێگە دەدرێت بە هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN) و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران و ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەكان و تیمە تەندروستیيەكان و كۆمپانیاكانی نەوت و كۆمپانیاكانی پەیوەندییەكان و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس و رۆژنامەوانان، ئەوانەی لە ئەركی فەرمیدان.

سێیەم: دەرمانخانە ئێشكگرەكان بە كراوەیی دەمێننەوە.

چوارەم: ئالۆگوڕی بازرگانی بەردەوام دەبێت لەنێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانى هەرێم، و لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق.

پێنجەم: بەردەوامبونی جێبەجێكردنی هەردو بەیانمان ژمارە (12 و 13) جگە لەو بڕگانەی كە ناگونجێت لەگەل خاڵی (یەكەم)ی سەرەوە.

شەشەم: پێویستە ژوری ئۆپەراسیونەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و گشت یەكە كارگێڕییەكانی دیکە، ئەم بەیانە جێبەجێ بكەن.

حەوتەم: ئەم بەیانە لە رێكکەوتی 08-04-2021 لە سەعات 08:00ی شەو، تاوەکو رێكکەوتی 12-04-2021 سەعات 08:00ی شەو جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×