لێدوانى نوێى قوباد تاڵەبانى لەبارەى ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا و شایستە داراییەکان
  2021-04-12       413       

نوسینگەى راگەیاندنى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى شاندى حکومەت و پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردەوە.  

ئاوێنه‌: نوسینگەى راگەیاندنى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە ، ئەمڕۆ دووشەممە 12/4/2021 قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران سەرۆکى وەفدی دانوستانکارى حکومەتی هەرێم هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی وەفدەکە، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لەئەندامانی پەرلەمانەوە پێشوازییان لێ كرا.  

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، دواتر وەفدەکە‌ لەگەڵ سە‌رۆكایە‌تی پە‌رلە‌مان و سە‌رۆكی فراكسیۆنە‌كان و لیژنە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان کۆبۆوە بۆ خستنەڕووى ناوەرۆکى ئەو رێککەوتنەى کەوەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجامیان داوە و جێگیرکراوە لەیاساى بودجەى 2021ى عێراق دا.  

ئاماژە بەوەش کراوە، لەکۆبوونەوەکەدا جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەدا کەئەم رێکكە‌وتنە‌ لەدەرئە‌نجامی کۆبوونەوەکان و لێکتێگەیشتنی نێوانمان بوو کە توانیمان بەڕاست و دروستی زانیارییەکان بگەیەنین و زۆر بەڕاشکاوانە گفتوگۆمان کرد لەسەر پرسەکانى تایبەت بەماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی بودجە و داهات و خەرجییەکان وچۆنییە‌تی جێگیر كردنی بڕگە‌یە‌ك لە‌و یاسایە‌ كە‌ قابیلی جێبە‌جێ كردن بێت.  

رونیشکراوەتەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەوەشدا وە‌ك حکومەتى هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆمان دەربڕیوە بەجێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ولایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانیشمان راسپاردووە‌ بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌.  

دواتر سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان ستایشی هەوڵەکانی وەفدی دانوستانکارى حکومەتى هەرێمیان کرد و داوایان کرد ئە‌و یاسایە بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.  

ھە‌روە‌ھا ئامادەبووان سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان خستەڕوو، لەبەرامبەردا وەفدی دانوستانکارى حکومەتی هەرێم بەووردی وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان دایە‌وە‌ کەپەیوەست بوون بەبودجە و دۆخی دارایی هەرێم.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×