نوری مالیكی،
سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو داوا لە هێزە سیاسییەكان دەكات پشتیوانی
حكومەتەكەی كازمی بكەن و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لەو وادەیەی بۆی
دیاریكراوە بەدور نازانێت ئەوەش "لە سایەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكاندا".
ئاوێنە: نوری مالیكی، لە لێدوانێكدا
رایگەیاند، دەستی كراوەیە بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت لەگەڵیدا ئاشتی بكات و نایاوێت
ناكۆكییەكانی لەگەڵ موقتەدا سەدر و هیچ كەسێكی دیكەدا بەردەوام بن. بەڵام
رەتیكردەوە نێوەندگیرییەك هەبێت بۆ ئاشتەوایی نێوانیان لەگەڵ موقتەدا سەدردا.
مالیكی سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی
عێراق وتی، ترسمان هەیە لە سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكە لە لایەنی نێودەوڵەتییەوە
بەڵام پێشوازی دەكەین لەوەی لایەنی نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنەكە بكەن.
هەروەها دژایەتی خۆی بۆ دواخستنی
هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان راگەیاند، بەڵام بەدوری نەزانی كە هەڵبژاردنەكە لەو
وادەیەی كە دیاریكراوە دوابخرێت، ئەوەش "لە سایەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكاندا."
هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بە پێویستی
زانی لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی حكومەتەكەی كازمی بكەن لە هەنگاوە ئیجابییەكانیدا
و وتیشی، حكومەتی ئێستا گیرۆدەی قەیرانی دارایی گەورەیە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی
"چەكی دەرچو لە یاسا" بێتە سەر شەقام.
دەربارەی ئومێدی بەوەی ببێتەوە بە سەرۆك
وەزیرانی عێراق، مالیكی وتی، گەل بڕیار دەدات كە بگەڕێمەوە بۆ سەرۆكایەتی وەزایران،
ئەگەر ئەوەش رویدا، هەنگاوی یەكەمم سەپاندنی ئاسایش و شكۆی دەوڵەتە لە عێراق.