قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار
  2021-04-17       734       
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری رایگەیاند، قەرزە ناوخۆیی و دەركییەكانی سەر وڵاتەكەی گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار كە 40 ملیار دۆلاری قەرزی ساڵانی هەشتاكان و نەوەتەكانی سەدەی رابردووە.

ئاوێنه‌:  مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگەیاند، قەرزە دەرەكییەكانی سەر عێراق بەهۆی شەڕی دژبە داعش كەڵەكەبوو، ئەو قەرزانەی كە لە رێگای سندووقی پەرەپێدان لەلایەن چەند سندووقێكی جیهانییەوە پێشكەش كراوە گەیشتووەتە 23 ملیار دۆلار كە دەبێت بدرێتەوە.

راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری روونیكردەوە كە حكوومەت 50 ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆیی لەسەرە لەگەڵ قەرزە هەڵپەسێردراوەكانی هەشت وڵات لەنێویاندا ئێران و سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و كوێت كە بڕەكەی 40 ملیار دۆلارە، و راشیگەیاند، ئەو وڵاتانە نایانەوێت قەرزەكانیان لەسەر عێراق رەش بكەنەوە وێڕای ئەوەی كە ملكەچن بۆ یانەی پاریس.

پێشتر ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەندام لە یانەی پاریس لە ساڵی 2004 بڕیاریاندا بە سڕینەوەی لەسەدا 80ی قەرزەكانیان لەسەر عێراق، بەمەش كۆی ئەو قەرزانە لە 38.9 ملیار دۆلارەوە بۆ 7.8 ملیار دۆلار دابەزی.

لە ساڵی 1991 لیژنەیەكی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ قەرەبووكردنەوە پێكهێنرا و بەغدا پابەندكرا بە پێدانی 52.4 ملیار دۆلار بۆ قەرەبووكردنەوەی كارمەندانی كۆمپانیاكان و رێكخراوە حكوومییەكان، ئەوانەی كە بەهۆی داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە زیانیان پێگەیشت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×