هاتوچۆی هەولێر وردەكاری ئەو روداوی هاتوچۆیەی بڵاوكردەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ
لە سەر رێگای باسرمە-هەریر-قەندیل رویداو تێیدا شۆفێری یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان
"سەری لە جەستەی جیابوەوە."
ئاوێنە: فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە
راگەیەندراوێكدا وتی"لەکاتژمێر دەروبەری 6ی ئێوارە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بەهۆی
موڵکداری لەنێوان دو بنەماڵە پەیدادەبێت، بەهۆی کێشەکە چەند کەسێك لە بنەماڵەیەکیان
بەچەکەوە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی لە ئۆتۆمبێل دادەبەزن و ئۆتۆمبێلەکەیان لە
ناوەندی رێگا جێدەهێڵن لەڕێگای خێراو بەرەو شوێنێکی تەنیشتی رێگایەکە دەڕۆن بۆ شەڕکردن."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لەو کاتەش ترێلەیەك بەخێرایی دێت و شوفێرەکەی پێشبینی
ئەوە ناکات کە ئەو ئۆتۆمبێلەی پێشی لە ناوەندی رێگاكه وەستاو بێت، لەهەمان کاتدا
دەنگی تەقەش دێت، بۆیە شوفێرەکە بەخێراییەکی زۆرەوە خۆی دەکێشێت بەدواوەی نیسان سەنیەکەدا،
دواتریش کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و بۆ دیوێکی رێگایەکە دەچێت و وەردەگەڕێت و شوفێرەکەی
لەگەڵ وەرگەڕانی ترێلەکە بەردەبێتەوە و دەکەوێتە ژێر ترێلەکە، بەداخەوە یەکسەر سەری
لەلاشەی جیادەبێتەوە."
هەروەها وتوشیەتی"سەبارەت بەدیاریکردنی لایەنی خەتاباری روداوەکەش شوفێری
نیسان سەنی بەخەتاباری سەرەکی روداوەکە دانرا."