مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حەلبوسی تاوتوێی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن
  2021-05-03       354       

ئەمڕۆ دوشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەجیا پێشوازییان لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردو چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد لەوانە پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراق.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە دیداری نێوان مەسرور بارزانی و سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەكە تاوتوێ کرا، بەتایبەتی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عیراق و گرنگیی زەمینەخۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات .

هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستور.

لە تەوەرێکی دیکەی كۆبونەوەكەدا ،ئاماژە بە مەترسییەکانی تیرۆر بە گشتی و هەڕەشەکانی داعش کرا کە لە چەندین ناوچەی عێراقدا مایەی هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر ژیانی خەڵک، لەوبارەیەوە جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و یەكخستنی هەمو هێز و و تواناكان كرایەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەڕشە و مەترسییەكانی تیرۆر.

هەروەها سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە كۆبونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبوسی رایگەیاندوە كە له‌ كۆبونه‌وه‌‌كەدا دۆخى عێراق به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوى عێراق و پێشبينييه‌كان بۆ نه‌خشه‌ى سياسيى داهاتوى وڵات، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى داعش و جموجوڵه‌كانى، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌كان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريدا، دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ تاوتوێ كران.

هه‌ردولا كۆك بون له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و نيشتمانيى هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى وڵات بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان و پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا، هه‌روه‌ها هيوايان خواست ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتو، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاوڵاتيان بێت له‌ سه‌قامگيرى، خزمه‌تگوزارى و ژيان و داهاتويه‌كى باشتر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×