"هۆكاره‌كانی كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی لەماوەی هەفتەیەكدا"
  2021-07-22       7949       

ئا: ئاوێنه‌‌

 

تویژینەوەیەكی شیكاریی ڕێكخراوی تاسك بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و هزری، سێ كۆمەڵە هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی پەیوەندیدار دیاری دەكات بۆ كۆتاییهاتنی دەسەڵاتەكانی لاهوری شێخ جەنگی لەماوەی هەفتەیەكدا و پێشبینی ئەوەش دەكات لەداهاتوودا بتوانێت بگەڕێتەوە.   

شیكارەكە كە پ.ی. د. عوسمان عەلی، ئامادەی كردووە باس لەوە دەكات "لاهور شێخ جەنگی زیاد لە حەدی خۆی بوێری نیشانی جەماوەرەکەی دەدا، چەند هێلێکی سور هەبوو کە پێویست نەبوو لاهور ببەزێنێ بەزاندی، لەوانە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەرکردنی چەند بڕیارێکی خێرا و بێ بیرکردنەوەی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا.   

هەر بەگوێرەی توێژینەوەكە هاوسەرۆكی ڕاگیراوی یەكێتی "زۆر بێ ئەزموونانە كەوتە دژایەتی و  بەرهەڵستیکردنی کۆسرەت ڕەسوڵ، هەرچەندە ئەمەی بەئاشکرا نەکرد، بەڵام مام جەلال هەستیاری لەوە دەکرد دەست بدات لە هەولێر و کۆیە، بەهۆی ئەوەی کە کۆسرەت تێدا بەهێز بوو". هەروەها دەڵێت "دوژمنایەتی لاهور شێخ جەنگی لە کۆسرەت رەسوڵ پەڕییەوە بۆ شێخ جەعفەر کە خاوەنی یەکەی 70 و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە". هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو دوا دەنگۆ ئەوەیە "لاهور هەوڵی داوە هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەدی خێزانی مام جەلال و ئامۆزاکەی خۆی پاڤێڵ ژەهر خوارد بکات و ئەوەی بۆ مام جەلال هێلی سور بوو ویستی هەبوو تێپەڕێنێت".   

بەگوێرەی توێژینەوە شیكارییەكەی "تاسك" تەوەری دووەمی هۆكارەكانی كەوتنی لاهور شێخ جەنگی ئەوەیە " زۆر بەشێوەیەکی زبر کەوتە دژایەتی بنەماڵەی بارزان و تا ئەو قسانەی مام جەلال لە شەستەکان بە بنەماڵەی بارزانی نەدابوو ئەو بە زیادەوە كردی. پارتیش بەهۆی ئەوەی حزبی یەکەمە لە کوردستان و خاون پارەو دەسەڵات و ڕاگەیاندنە کەوتە کاردانەوە و هەوڵی دا زیاتر شەرعیەتی دەسەڵات بداتە کوڕانی تالەبانی نەک شێخ جەنگی". بەگوێرەی شیكارەكەی تاسك "لاهور شێخ جەنگی هەر بەوەندە نەوەستا کەوتە دابڕینی سلێمانی و بە بیانووی لامەرکەزی سەرچاوەکانی دارایی لە داهاتی مەرزەکان بە هوى گەندەڵی پارەیەکی کەمی بۆ هەولێر دەناردەوە، ئەمەش هێندەی تر نیگەرانیەکانی پارتی تۆخ تر کردەوە".   

توێژینەوەكە ئاماژە بەوەش دەكات لەماوەی رابردوو لاهور چەند جارێک هاتوو چۆی بەغدای کردووە بۆ هەڵبژاردنەکان، پێدەچێت و لە شیعەكان نزیك بووبێتەوە ئەمەش، مەترسیدار بوو بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان و هێزە ئیقلیمییەکان چونكە لەپەیوەندییە دەرەکیەکان لاهور بە ڕادەیەکی زۆر مەیلی بەلای ئێراندا خست، ئەمەش نیگەرانیەکی زۆری ئەمریکیەکان لێکەوتەوە".   

بەبڕوای ڕێكخراوی تاسك بۆ لێكۆڵینەوە لاهور شێخ جەنگی زۆر جێگیر نەبوو لە بڕیارەکانی، بڕیاری حەماسی و پەرچە کرداری دوور لە بیرکردنەوەی ستراتیژیی زۆری هەبووە، تۆمەتباركردنیشی بە بەشداریكردن لە پرۆسەی كوشتنی قاسم سلێمانی ئیرانییەكانیشی لێ سارد كردووەتەوە. هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو توركەكان بێزار بوون لە پەیوەندییەکانی لاهور و پەكەكە تا ئەو ڕادەی مەولود چاوش ئۆغلۆی وەزیری دەرەی تورکیا رایگەیاند سلێمانی ئێستا کەوتۆتە ژێر ڕکێفی پارتی کرێکاران ئەوە حالەتێکی مەترسی داری قبوڵنەکراوە..   

تاسك ئاماژەی بەوەشكردووە "ئێستا نەیارەکانی لاهور بریتین لە پارتی، ئێران، ئەمریکا و تورکیا، ئەم هێزانە ناڕەحەت بوون بە سیاسەتە ناجێگیرەکانی ئیزدواجیەکانی، بۆیە ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەمریکیەکان ئەوەیان بە ڕاشکاوی بە یەکێتی راگەیاندووە کە پشتیوانی بەرەی ئێران و شیعە دەکەن یان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان؟".   

لەبەشێكیتری شیكارەكەدا باس لەوەكراوە هەندێك چاودێر وای دەبینین کە لاهور لە ڕووی سیاسیەوە ئیتر کارتێکی سوتاوە و کۆتایی هاتووە، بەڵام "ئەو لێهاتوو و سیاسییە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بەیارمەتی چەند ولاتێکی ئیقلیمی خۆی دروست بکاتەوە، بەلام ڕەنگە ئەمە بەم نزیکانە ڕوو نەدات". لەبارەی هۆكاری ئەمەشەوە تاسك دەڵێت "هەموو هێزەکان بەیەک دەنگ بەرامبەری لاهور وەستان، هەرچەندە لاهور خاوەنی دەنگی یەکەمی کۆنگرەی حیزبەکەیەتی بەڵام لە کورستان و عێراق و کاتێک کۆدەنگی دروست دەبێت لەسەر بابەتێک دەنگدان و هەلبژاردن هێچ شەریعەتی نامێنێت".  

لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كە 15 تەمموز ڕازی بوو دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی ببێت، لە پەیام و ڕوونكردنەوەكانیدا هۆكارەكەی دەگێڕێتەوە بۆ "پلانگێڕی دەرەكی و كودەتا". هەروەها بەڕاشكاوی تۆمەتی ئاراستەی توركیا و پارتی كردووە، باسی لەوەشكردووە شەرعیەتی كۆنگرەی هەیە و هاوسەرۆكی یەكەمە، لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی پەنای بۆ بەكارهێنانی هێز نەبردووە و بڕوای بەڕاڕەوی حیزبی هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لە پێناو رێگەگرتن لە خوێنڕژان.  

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×