قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت پێكەوەو بە بەهێزی لە بەغدا بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین
  2021-07-31       426       

قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی نێوان یەكێتی و گۆڕان، ئەمڕۆ شەممە، لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەی هاوپەیمانییەكە، رایگەیاند،"دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە، تاوەكو پێكەوە بە بەهێزی لە بەغدا بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكەین."

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، هاوپەیمانی كوردستان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆبوەوەو دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەكەش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەریەكە قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانییەكەو دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان قسەیان بۆ رۆژنامەنوسان كرد.

رێباز محەمەد وتی"ئەم هاوپەیمانییە یەكەم جارە لەنێوان ئەم دو حزبە پێكدەهێنرێت، بنەمای سەرەكی هاوپەیمانییەكە ئارامی و گەڕاندنەوەی ئومێدە بۆ پڕۆسەی سیاسی كە وتومانە لە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا كورد دەبێت بەیەكەوە بێت، بۆ ئەوەی بەهێز بێت، پێمانوایە ئەم هاوپەیمانییە، تۆوێكی باشە بۆ ئەوەی بتوانین گوتارێكی یەكگرتوی كوردستانی ئامادە بكەین."

هەروەها وتیشی"ئەم كۆبونەوانە كۆبونەوەی ئاسایین و زو زو رودەدەن و بەشێكن لە راییكردنی كارەكانی هاوپەیمانییەكە."

لای خۆیشییەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند"لە كۆبونەوەكەدا ئێمە باسی میكانیزمی چۆنیەتی كاركردنی هاوپەیمانییەكەمان كرد، ئەركەكانمان دابەش كرد بەسەر لیژنە هاوبەشەكان. وەك دەزانن بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردوە، بۆیە ئێمە لەم قۆناغە هەمو هێزو جەماوەری خۆمان دەخەینەگەڕ، لەپێناو سەرخستنی هاوپەیمانییەكەمان تاوەكو باشترین خزمەت بگەیەنین بە هاوڵاتیانی كوردستان و عێراق."

سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان وتیشی"ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە، تاوەكو پێكەوە بە بەهێزی لە بەغدا بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكەین، بتوانین بەهێزێكی یەكگرتویی و لەژێر یەك چەتر بەرگری لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان بكەین. سوپاسی خۆیشم گەیاندە هەمو لایەك بۆ ئەو ئەركەی بە منیان سپاردوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×