عێراق دوەم گەورەترین هاوردەكاری كاڵای ئێرانییە
  2021-08-07       479       

بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی عەرەبی و ئەفریقی لە رێكخراوی پەرەپێدانی بازرگانی ئێران ئاشكرایكرد، عێراق دوەم گەورەترین هاوردەكاری كاڵای ئێرانەو دەشڵێت: تێكڕای بەهای هەناردەی كاڵای ئێرانی بۆ عێراق مانگە 500 ملیۆن دۆلارە.

ئاوێنە: فەرزاد پیلتن، بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی عەرەبی و ئەفریقی لە رێكخراوی پەرەپێدانی بازرگانی ئێران، بە ئاژانسی فارس نیوزی وتوە، لە 20ی ئازار تاوەكو 20ی حوزەیرانی ئەمساڵ، عێراق لە پلەی دوەمدا بوە لە هاوردەكردنی كاڵا ئێرانییەكان.

ئاشكراشیكردوە كە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا عێراق نۆ ملیۆن و 611 هەزار تۆن كاڵای بە بەهای 2.343 ملیار دۆلار هاوردەكردوە.

فەرزاد پیلتن، ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا، لەسەدا 22ی كۆی گشتی هەناردەی نانەوتی ئێران بۆ عێراق بوە كە ئەوەش بە بەراورد بە هەمان سێ مانگی ساڵی 2020 دەریدەخات هەناردەی ئێران بۆ عێراق لەسەدا 58 لەڕوی بەهاو لەسەدا 92 لەڕوی كێشەوە زیادی كردوە.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، چین لە پلەی یەكەمی هاوردەكارانی كاڵای ئێرانداو لەدوای عێراقیش زۆترین هەناردەی ئێران لەو سێ مانگەدا بۆ وڵاتانی ئیمارات، توركیا، ئەفغانستان و هیندستان بوە.

لەگەڵ ئەوەش بەرپرسە ئێرانییەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لەماوەی 20ی ئازار تا 20ی تەمموزی ئەمساڵ(چوار مانگ)، ئێران 10 ملیۆن و 900 هەزار تۆن كاڵای بە بەهای دو ملیارو 800 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق هەناردە كردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×