شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: پارتی بۆ بەدەستهێنانی پۆست چەندین هەفتە لەبەغدا مانەوە بەڵام بۆ قوتی خەڵك نەدەچون
  2021-09-13       1416       

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی  سلێمانی ئەو حزبە رایگەیاند، پارتی بە چەندین هەفتە لە بەغدا دەمانەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆست بەڵام كە هاتە سەر قوتی خەڵك "یەك بەشەریان ئامادە نەبو بچێتە بەغدا." دەشڵێت: ئەو پەرلەمانتارانەی نەوەی نوێ كە بە دەنگی خەڵكی سلێمانی چونە بەغدا، لەوێ "پشتیان كردە حزبەكەی خۆیان و خەڵكی ئەم شارە."

ئاوێنە: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە وتەیەكدا رایگەیاند، دەبێت هەموان بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت "هەڵەکانی پێشو دوبارە بکرێنەوە." وتیشی "رێگەنادەین جارێکی دیکە یەکێتی باجی هەڵەی هیچ کەسێک بدات."

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی کوردستان باوەڕی وایە زۆرینەی کێشەکان لەبەغداوە چارەسەر دەکرێن، بۆیە ژمارەی کورسییەکانیان لەبەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر مامەڵە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لەگەڵ یەکێتی و حکومەتی هەرێم.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، هێمای بۆ ئەوە كرد كە لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەساڵی 2018دا "پارتی چەندین مانگ و چەندین هەفتە لە بەغدا مانەوە، لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمارو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دەرەوەدا "بەڵام كە هاتە سەر قوتی خەڵك یەك بەشەریان ئامادە نەبون بڕۆنە بەغدا، یەك بەشەریان ئاوڕیان لە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەدایەوە، ئەوان بۆ خۆیان چونە بەغدا نەك بۆ خەڵك."

وتیشی"ئێستا هەمومان دەزانین ئەوەی بو بە هۆكاری سەرەكی دابینكردنی موچەی هەرێم تەنهاو تەنها یەكێتی بو."

هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەشی خستەڕو"هەر هەموشمان دەزانین لەكاتێكدا كە خەڵكی ئەم شارە دەنگی بە كاندیدەكانی نەوەی نوێ دا، نەوەی نوێ رۆیشتنە بەغداو پشتیان كردە حزبەكەی خۆیان و خەڵكی ئەم شارە. هەر كاتێك شاندی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كاك قوباد سەردانی وەزارەتێكی دەكرد، سەردانی كوتلەیەك و حزبێكی دەكرد لە بەغدا،  ئەوان یەكسەر دەچونە سەر تەلەفزیۆنەكەو دەیانوت موچەیان بۆ مەنێرن. داوای نەوت دەكرا، دەیانوت نەوت مەنێرن...من دڵنیام ئەم جارەش لەكاتی دەنگدان بە نوێنەرانی ئەوان، لەبەرئەوەی نوێنەری راستەقینەی ئەم خەڵكەو ئەم شارە نین، دیسان كە رۆیشتنەوە بەغدا بە ئامانجێكی تر و بە پرۆژەیەكی تر و تەنهاو تەنها بۆ شكاندنی خەڵكی ئەم شارەو ئەم هەرێمەو ئەم كوردستانە، دەڕۆنەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×