سەرحەد قادر: داعش چەندین چەكداری لەسوریاوە هێناوەتە عێراق و شەڕی لە بەرگرییەوە گۆڕیوە بۆ هێرش
  2021-09-13       1044       

عەمید سەرحەد قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك، چەند زانیارییەكی نوێ لەبارەی "زیادبون"ی هێرشەكانی داعش و ناوی بەرپرسانی باڵای نوێی رێكخراوەكە لە عێراق ئاشكرادەكات و دەشڵێت: ئەو رێكخراوە چەندین چەكداری لە سوریاوە هێناوەتە عێراق و "زەویان بەدەستەوەیە"و شەڕیشی لە "حاڵەتی بەرگرییەوە گۆڕیوە بۆ هێرشبردن."

ئاوێنە: عەمید سەرحەد قادر، ئەمشەو دوشەممە، لە نوسینێكدا لەژێر ناونیشانی "گۆڕانکارییەکانی داعش و زیادبونی هێرشەکانی ئەو گروپە" لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"دوای ئەوەی چەکدارانی داعش هەندێك گۆڕانكاريیان له ئاستی عێراق و له سنوری ناوچە جێناکۆکەکان و سنوری کەرکوک و دەوروبەری و موسڵ و سەڵاحەدین ئەنجامداوەو له دوای گۆڕانكاريیەكان چەندین هێرشیان کردۆتە سەر هێزە عێراقییەکان و چەندین کەسیان لەهێزە ئەمنیەکان کوشتوەو بریندارکردوەو هێرشەکانیان زیادی کردوە."

بەبڕوای عەمید سەرحەد "ئێستا داعش هێزەکانی لەحاڵەتی لەبەرگرییەو گۆڕیوە بۆ حاڵەتی هێرشبردن و هێزە عێراقییەکانیش بەپێچەوانە کەوتونە حاڵەتی بەرگری."

بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك ئەوەشی وتوە"چەکدارانی داعش پێشتر وەکو مەفرەزەی بچوک دەردەکەوتن، بەڵام ئێستا وەکو هێزی پەلاماردەرو شانەی نوستو وەک راگەیاندن هەن، هێزەکانی هاوپەیمانان دەڵێن زەوییان بەدەستەوەیەو جموجۆڵیان هەیە."

عەمید سەرحەد، ئاماژەی بەوەداوە كە "بەپێی ئەو زانیارییە نوێیانەی بەردەست من کەوتون چەکدارانی داعش چەندین گۆڕانکارییان ئەنجام داوە." لەوانە "چەندین چەکدارییان لەسنوری سوریاو هێناوەتە ناوچەی بەعاج بەسەرپەرشتی (ئەحمەد عەلوان  سەبيح ئەلتائی) ناسراو بە (ئەلحلفاوی)و هەروەها (ئەبو ئیبراهیم) یەکێکی دیکەیە لەسەرکردەکانی ئەو گروپە کە تازە کراوەتە سەرکردەیان لەگەڵ سێ کەسی دیکە کە سوری و عێراقین و سەرپەرشتی كەرتی باشورو رۆژئاوای موسڵ دەکەن."

عەمید سەرحەد قادر ئەوەشی وتوە"هەر بەگوێرەی زانیارییەکانم کە سەرچاوەی زۆر باوەڕپێکراون لەسنوری ناحیەی رەشاد هەریەک لە (ئیبراهیم جومعە عەزی) ناسراو بە (ئەبو حەسەن) لەگەڵ (موەفەق ئیبراهیم حەمەد جدوع عەزاوی) ناسراو بە (ئەبو ساڵح) لەگەڵ (عەلی شوکر مەحمود ئەلمحەمەداوی) ناسراو بە (ئەبو عومەر) سەرپەرشتی ئەو گروپانە دەکەن لەو سنورەو چەکەکانیشان پێکهاتون لەقەناس و بیکەیسی و ئارپی جی و ئێم فۆڕو هاوەن و جۆرەها چەکی کڵاشکۆف."

بەپێی قسەی عەمید سەرحەد ئەمانە ناوی بەرپرسانی باڵای نوێی داعشن:

"والی گشتی عێراق: ئەبو شەمسەدین جەزراوی، هەڵگری ناسنامەی وڵاتی سعودیە.

والی کەرکوک: عەبدولرەحمان محەمەد وەلی حەسەن بەیاتی ناسراو بە ئەبو یەحیا.

قازی شەرعی ولایەتی کەرکوک: حەمود ئیبراهیم ئەحمەد مستەفا ئەلجبوری ناسراو بە ئەبو جەعفەر.

والی سەڵاحەدین: غانم ساڵح مەنسور ئەلجوالی.

بەرپرسی سەربازیی گشتی ویلایەتی كەركوك: حسێن عەلی مجول حسێن بیاتی."

عەمید سەرحەد وتوشیەتی"زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەگەر گۆڕانکاری بەسەر بەرنامەکانیاندا نەیەت لەڕۆژانی داهاتو بەنیازی هێرش زیاترن."



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×