دانیشتێكی‌ دیكه‌ی‌ دادگاییكردنی‌ بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشکی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
  2021-09-14       449       
بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشکی
سبەینێ پرۆسەی‌ دادگاییکردنی‌ مامۆستا بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەدەچێت‌و کەسوکاری‌ زیندانیانی‌ بادینانیش داوا لەهەموو حزبەکان بەگشتی‌و ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی ده‌كه‌ن کە لانیکەم هەزار لایەنگری خۆیان لەبەردەم دادگای هەولێر کۆبکەنەوە. ڕێكخراوی‌ CPT ئه‌مریكی‌-یش داوای‌ "دادگاییەکی دادپەروەرانە دەکات بۆ ئەو چالاکانەی بادینان، بۆ ئەوەی بتوانن بەزویی بەخانەوادەکانیان شادببنەوە کە زیاتر لەساڵێکە لەیەکتری دابڕاون."

ئاوێنه‌: ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید کە یەکێکە لەدەستگیرکراوانی‌ بادینان لەنوسینێکدا لەپەڕەی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لەفەیسبوک ڕایگەیاندووە،  "سبەینێ ١٥ – ٩ – ٢٠٢١، پرۆسەی‌ دادگاییکردنی‌ مامۆستا بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەدەچێت، داواکارین لەهەموو حزبەکان بەگشتی‌و ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی، لانیکەم هەزار لایەنگری خۆیان لەبەردەم دادگای هەولێر کۆبکەنەوە لەو ڕۆژەدا". 

ناوبراو ده‌ڵێت، "ئەگەر حزبەکان بە گشتی‌ و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تایبەت دەتوانن ئەوە بکەن، بەڵام خۆیان نایانەوێت بیکەن کەواتە ڕاستگۆنین لەگەڵمان، ئەگەریش ناتوانن ئەو ژمارە لایەنگرەی‌ خۆیان کۆبکەنەوە، ئەوا دیارە پێگەیان نەماوە".

هاوكات تیمی عێراق‌و كوردستانی‌ CPT كه‌ ڕێكخراوێكی‌ ئه‌مریكییه‌، داوای دادگاییەکی دەستبەجێ‌و دادپەروەرانە دەکات بۆ ئەو چالاکانەی بادینان، بۆ ئەوەی بتوانن بەزویی بەخانەوادەکانیان شادببنەوە کە زیاتر لەساڵێکە لەیەکتری دابڕاون.

بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشكی ڕۆژی ١٩ی‌ ئابی‌ ٢٠٢٠، بەتۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکران و ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی‌ ئەمساڵیش لەبەرامبەر دو دۆسیه‌ی‌ جیاوازدا دادگای کەتنی دهۆک سزای ساڵێک زیندانیی بەسەر ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ‘ئومێد بەرۆشکی‌دا سەپاند.

چەندین جاری دیکە بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشکی براونەتە بەردەم دادوەر لەدادگای هەولێر، بەڵام بەبیانوی‌ جیاواز دانیشتنەکانی‌ دادگا لەبارەی‌ یەکلاکردنەوەی‌ دۆسیەکانیان دواخراوە.







زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×