بەپێی قسەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بڕە بەنزینەی حكومەتی
عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت نابێتە هۆی كۆنترۆڵكردنی نرخی ئەو سوتەمەنییە
چونكە هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزینە.
ئاوێنە: جوتیار عادل،
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند، ئەو بەنزینەى کە حکومەتى عێراق دەینێرێت بڕەکەى یەک ملیۆن و (80) هەزار
لیترە بۆ هەر رۆژێک و لیترى بە (650) دینار پێمان دەدات، بۆ هەر لیترێکیش (40) دینارى
دەچێتە سەر کە (20) دیناری بۆ خاوەنى بەنزینخانەکەیە و (20) دیناریش بۆ کرێى
گواستنەوەیە.
ئەوەشی خستەڕو، هاتنى ئەو بڕە بەنزینە ناتوانێت کۆنترۆڵى نرخى بەنزین بکات
لە بازاڕەکاندا، چونکە هەرێمى کوردستان رۆژانە پێویستى بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، لەسەر ئاستى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنە پێکدەهێنرێت
بۆ بەدواداچوانى نرخ و کوالیتى بەنزین.