لاهور شێخ جەنگی: لەدوای هەڵبژاردنەكان قسەی خۆم دەكەم
  2021-09-15       1422       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزبەكەی و بێدەنگیی خۆیەوە دەڵێت"خۆم بە خاوەنی یەکێتیی ڕاستەقینە دەزانم و هەرواش دەمێنمەوە، بێدەنگیی من بۆ ئەوە بو کە یەکڕیزیی یەکێتیی بپارێزم، قسەی خۆشم لە دوای هەڵبژاردنەکان دەکەم و ڕێگری دەکەم لەوەی کە ئیرادەی یەکێتیی تەسلیم بە نەیارەکانمان بکرێت."

ئاوێنە: ئەو قسانەی لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سلێمانی لەمیانی پێشوازیدا هاتون لە ژمارەیەک لە ئەندام و کادر و لایەنگرانی یەکێتی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەو شارەزورو چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان.

لاهور شێخ جەنگی لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"لە کۆبونەوەیەکی فراواندا ئاماژەمان بەو هەوڵ و هەنگاوانە کرد کە لە ڕابردودا ناومانە بۆ ئەوەی یەکێتیی بگەڕێنینەوە سەر شاڕێی ڕاستەقینەی سیاسیی خۆی، ڕامانگەیاند؛ هەوڵەکانمان لەو پێناوە بوە کە باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان ڕێک بکەینەوە و ڕێگە لە تاکڕەویی سیاسی و هەڵە کوشندەکان بگرین و چاکسازیی ڕاستەقینە ئەنجام بدەین."

جەختیشی كردۆتەوە"یەکێتی بە شانازییەوە ئاڕاستەکەی ڕوە و بەغدا بوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەستورەوە هەمو مافەکانی میللەتەکەمان بە دەستبهێنین، لە دوای کۆنگرەش کارمان بۆ ئەوە کردوە کە هاوپەیمانییەکی فراوان لە نێو زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان دروست بکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا زۆرترین کورسیی پارلەمان بە دەستبهێنین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەڵام بەداخەوە ئەو کارەساتەی کە ڕویدا یەکێتییەکان چاوەڕوانیان نەدەکرد بە تایبەت لەم کاتەدا کە نەیارانمان پێی دڵخۆشبون بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی دامان نابو بۆ هەڵبژاردن سەرکەوتو نەبین تیایدا."

لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزبەکە و بێدەنگبونیشییەوە، لاهور شێخ جەنگی وتویەیت"من خۆم بە خاوەنی یەکێتیی ڕاستەقینە دەزانم و هەرواش دەمێنمەوە، بێدەنگیی من بۆ ئەوە بو کە یەکڕیزیی یەکێتیی بپارێزم، قسەی خۆشم لە دوای هەڵبژاردنەکان دەکەم و ڕێگری دەکەم لەوەی کە ئیرادەی یەکێتیی تەسلیم بە نەیارەکانمان بکرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×