وەزارەتی پێشمەرگە: ئەم مانگە لیوایەكی پێشمەرگە بەشێوازی چەكی بانكی موچە وەردەگرن
  2021-10-21       403       

وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد، لیوای یەكی پیادەی سەربە وەزارەتەكەیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی موچەی پێشمەرگەدا، موچەی ئەم مانگە بە شێوازی چەكی بانكی وەردەگرن، بەوەش "قۆناغێکی تری پرۆسەی چاکسازی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە."

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لەئەنجامی کاری بەردەوام و هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە وەرگرتنی موچە بە شێوازی چەکی بانکی، لەلایەن لیوای یەکی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغێکی تری پرۆسەی چاکسازی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە ئەمڕۆ عەمید توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەڵاح، بەڕێوەبەری چاکسازی، بەئامادەبونی کۆڵۆنێڵ پاوڵ ڤۆس راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەنداو تیمی بەئەلیکترۆنیکردنی موچەی پێشمەرگە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە" لەم کۆبونەوەیەدا، بە ئەنجام گەیشتنی قۆناغێکی نوێی پرۆژەی چاکسازی راگەیەندرا، لەم مانگەوە لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە موچەکانیان بە شێوازی چەکی بانکی وەردەگرن، لەداهاتوشدا لیواکانی دیکەی وەزارەت بە هەمان شێوازی چەکەی بانکی موچەکانیان وەردەگرن."

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی و بەپاڵپشتی راوێژکارانی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان  پرۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی موچە بەرێوەدەبەن.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەداوە كە "پرۆسەی بەچەککردنی موچە یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی ئەم پرۆژەیە، کە تاکو ئێستا لە یەکە ئیداریەکانی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێکراوە، لەم قۆناغەدا، لیوای یەک داخڵی ئەم سیستەمە بوەو سەرجەم ئامادەکارییەکانی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە  لەڕوی رێکخستننی کارەکان و هەماهەنگیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ بانکەکان رێکخراوە، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×