سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەوە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن
  2021-11-19       589       

سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن و گوشارەكانیان لەسەر ئەردۆغان زیاتر دەكەن، ئەوەش دوای دابەزینی بەرچاوی لیرەی توركی.

ئاوێنە: لیرەی توركی دوێنێ پێنجشەممە، خراپترین ئاستی بەهای خۆی تۆماركرد، بەشێوەیەك بەهای یەك دۆلار گەیشتە 11.3 لیرە.

كەمال كلیچیدارئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری، كە بە ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی دەژمێردرێت، لە تویتەر نوسیویەتی"ئیتر بەسە ئەردۆغان، دەبێت دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

هەروەها مەراڵ ئەكشینار، سەرۆكی ئی پارتیی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند، ئەردۆغان "سەروەت و ناوبانگی لەناوبردین."

وتیشی"ئەگەر ئەمە بە مەبەست دەكات، ئەوە خیانەتێكی ئاشكرایە. ئەگەر بەهۆی بێ تواناییەوەیە، ئەوا رونە كە دەبێت ئەم شورەییە لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە نزیكترین كاتدا، رابگیرێت."

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، راپرسییەكان دەریدەخەن كە پشتیوانی خەڵكی توركیا بۆ ئەردۆغان كە نزیكەی 20 ساڵە لەدەسەڵاتدایە، ماوەی چەند ساڵێكە گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی، ئەوەش بەهۆی خراپی بەڕێوەبەردنی كەرتی ئابوری، بۆیە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، گوشارەكانیان لەسەر ئەردۆغان چڕكردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×