ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سێ گەنجی سوری لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا، لەلایەن تورکێکەوە سوتێنراون، ڕووداوەکە زیاتر لە مانگێکە ڕوویداوە و بێدەنگیی لێکراوە، ڕوانگەی سوری پاڵنەری ڕووداوەکە بۆ هۆکاری ڕەگەزپەرستی دەگەڕێنێتەوە.
ئاوێنە: ڕوانگەی سوری لەزاری سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە ئاشکرایکردووە، ئەو هاوڵاتییە تورکە دوای ئەوەی بەنزینی کردووە بە شوێنی مانەوەی هاوڵاتییە سورییەکاندا، ئاگری بەرداوەتە ماڵەکەیان تاوەکو سوتاون و گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕووداوەکە لە 16ی مانگی ڕابردوودا ڕوویداوە و لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا باسنەکراوە، جگە لەوەی تائێستا هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکان لەو ڕووداوە ئاشکرانەکراوە.
ئەو سێ گەنجە لە وەرشەیەکی دروستکردنی کاری بەردی کاریان کردووە، لە ناوچەی گوزێل باهشی لە پارێزگای ئیزمیر.
ڕوانگەی سوری ڕاشیگەیاندووە، هیچ کێشەیەکی تایبەت لەنێوان قوربانییانی ڕووداوەکە و ئەنجامدەری ئەو تاوانەدا نەبووە، هۆکارەكەی پاڵنەری ڕەگەزپەرستی بووە.
چالاکوانان ناو و وێنەی ئەو سێ گەنجە سورییەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن ئەو هاوڵاتییە تورکەوە سوتێنراون.