ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانیی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، هێرشی داعش بۆسەر گرتوخانەی سناعە لەگەڕەکی غوێرانی شاری حەسەکە "پەڵەیەکەی شەرمەزاریی"یە بەناوچەوانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، لەبەرئەوەی جیهادیستە دەستگیرکراوەکانیان پشتگوێخستو یارمەتیدەربون لەدوبارە گەڕانەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.
ئاوێنە: لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "لەوەتەی داعش بەزێنراوە، گرتوخانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جمەیان دێتو هەزاران تیرۆریستیان لەخۆگرتوە، بەشێوەیەک هێشتا نزیکەی 12 هەزار تیرۆریست لەزیندانەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان، جگەلەوەی 70 هەزار ژنو منداڵی ئەو جیهادیستانە لەکهمپی ئاوارەکاندانو لەلایەن هەسەدەوە پاسەوانیان دەکرێت".
ڕۆژنامەکە هەروەک دەڵێت:"لەماوەی ڕابردودا بەریتانیاو وڵاتە ئەوروپیهكان پشتی خۆیان لەبابەتەکە هەڵکردو ئامادەنەبون ڕێگە بەتیرۆریستەکانو هاوسەرو خێزانەکانیان بدەن بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێنەوەو لەوێ دادگایی بکرێن".
ئەوەش هاتوە، "ترەمپ لەکۆتاییەکانی ساڵی 2019 ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەگەڕانەوەی داعش، ئەویش کاتێک نیوەی هێزە وشکانییە کەمەکەی کە نزیکەی 2000 سەرباز دەبوو کشاندەوە، لەکاتێکدا ئەو هێزانە یارمەتیدەربون لەپاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده)دان".
ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن، ئیدارەی خۆسەر لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە دانی پێدا نەنراوە، هەروەک لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانیشەوە دانپێدانراو نییە، ئەمەش وادەکات بەشێوەیەکی یاسایی نەتوانن مامەڵەی ڕادەستکردنی تاوانبارانی لەگەڵدا بکەن.
تایمز دەڵێت:"لەبەر هۆکاری جۆراوجۆری دیبلۆماتیی، هیچ لایەک نایەوێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بکات کە سوریا ئێستا بۆچەند بەشێک دابەشکراوەو ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەشێکە لەو وڵاتە، لەجیاتی ئەوەو لەبەر هۆکاری جیۆسیاسیی تایبەت بەخۆیان، ئەو وڵاتانەی کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشیان کردوە، دڵخۆشن بەوەی ئەو كهلێنه یاساییو ئەمنییو ئاکارییەی پەیوەستە بەناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەر گەورەتربێت".