په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆ لەباره‌ی بەهای دۆلاره‌وه‌ ده‌كات
  2022-02-26       633       

به‌ئاماده‌بونی‌ وه‌زیری‌ دارایی عێراق، بڕیاره‌ ڕۆژی‌ دوشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق كۆببێته‌وه‌و تێیدا پرسی‌ بەهای دۆلارو ئه‌گه‌ره‌كانی‌ دابه‌زاندنی‌ نرخه‌كه‌ی‌ تاوتوێ بكرێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌ له‌سایتی په‌رله‌مانی عێراقدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌دانیشتنی‌ ڕۆژی‌ دوشه‌ممه‌ی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی‌ په‌رله‌ماندا ئه‌م بابه‌تانه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت:

بڕگەی یەکەم: سوێندخواردنی چەند پەرلەمانتارێک

بڕگەی دووەم: پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان

بڕگەی سێیەم: گفتوگۆکردن لەسەر بەهای دۆلار بەئامادەبونی وەزیری دارایی عێراق

دوای ئەوە لەماوەی رابردودا بەهۆی تویتێکی موقته‌دا سەدرەوە نرخی دۆلار بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، 19ی‌ ئه‌م مانگه‌ پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دانیشتنەکەی تایبەت بکات بەبانگهێشتکردنی وەزیری دارایی‌و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام وەزیری دارایی بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمانی نەکرد.

هەر بەوهۆیەشەوە، حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لەوەزارەتی ناوخۆو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەهیچ شێوەیە رێگا نەدەن عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکات.

دواتر وه‌زیری‌ دارایی عێراق له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ به‌شدارینه‌كردنی‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، لەنوسراوێکدا کە ئاراستەی حاکم زاملی کرد رایگەیاند، "بەهۆی ئەو کاتە کەمەی لەبەردەستمدا بوەو لەم دۆخەی لە ئێستادا دروستبوە نەمتوانی ئامادەی کۆبونەوەکە ببم."

ناوبراو وتیشی‌، "بەفەرمی داوا لەسەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم، کۆبونەوەیەک سازبکات بەمەبەستی دەنگدان لەسەر متمانەدانەوەم وەک وەزیرو لەهەمان دانیشتنیشدا رێگەم بدەن قسەی خۆم لەسەر ئابوری‌و نرخی دۆلار بکەم."

وەزیری دارایی عێراق ڕاشیگه‌یاندبو، "بەردەوام ئامادەی هاوکاری تەواوم لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران لەچوارچێوەی دەستورو یاسا کارپێکراوەکان‌و لەگەڵ بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات‌و بەرپرسیارییەکانم لەنێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن‌و یاسادانان‌و دادوەری."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×