ئۆكرانیا: هۆشدارییە ئەتۆمییەكەی پوتین بۆ گوشارە لەسەر وەفدی دانوستانكاری ئێمە
  2022-02-27       559       

وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا لەبارەی فەرمانەكەی ئەمڕۆی ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا كە تێیدا هێزی ئەتۆمی وڵاتەكەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، رایگەیاند، ئەو فەرمانەی پوتین بۆ گوشارە لەسەر وەفدی دانوستانكاری ئێمە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا، فەرمانی دا بە هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی كە هێزی ئەتۆمی بخرێتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.

دمیترۆ كولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا لەوبارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر روسیا چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت دژ بە ئۆكرانیا ئەوە "كارەساتە بۆ جیهان...بەڵام ئەوەش ئێمە ناڕوخێنێت."

هەروەها وتیشی"ئەو فەرمانە كە پوتین دەریكردوە، لەدوای ماوەیەكی كورت دێت لە راگەیاندنی ئامادەیی وەفدی روسی و ئۆكرانی بۆ كۆبونەوە."

وتیشی"ئێمە ئەم فەرمانە وەك هەوڵێك دەبینین بۆ زیاتركردنی گرژییەكان و گوشار لەسەر وەفدی ئۆكرانیا."

جەختیشی كردەوە "بەڵام ئێمە تەسلیمی ئەم گوشارانە نابین. بە بەرنامەیەكی زۆر سادەوە مامەڵە لەگەڵ دانوستانەكان دەكەین. دەچین ئەوێ بۆ گوێگرتن لەوەی روسیا دەیڵێت و ئەوەشیان پێدەڵێین كە ئێمە بیری لێدەكەینەوە."

پێشتر ڤۆلۆدیمێر زێلێنكسی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەلێكساندەر لۆكاچینكۆ، سەرۆكی بێلاڕوسیا رێككەوتون لەسەر ئەوەی كە وەفدی ئۆكرانی و وەفدی روسی بەبێ مەرجی پێشوەخت لە سەر سنوری ئۆكرانیا و بێلاڕوسیاو لە نزیك روباری پریپیات كۆببنەوە.

دوابەدوای ئەوە جێگری وەزیری ناوخۆی ئۆكرانیا رایگەیاند، دانوستانی نێوان وەفدی روسی و ئۆكرانی، سەرلەبەیانی سبەی دوشەممە بەڕێوەدەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×