ئایا ئۆکرانیەکان لەعێراقی‌و کوردو ئەفغانی شارستانی‌و خۆڕاگرترن؟!
  2022-02-27       1901       
ڤلادیمیر زلینسكی‌و هاوسەرەکەی

ئا: ئاوێنە

 

رۆژنامەنوسێكی دیاری كەناڵی  CBSی ئەمەریكی لەپەخشێكی راستەوخۆدا دەڵێت "ئۆكرانیا وڵاتێكی خاوەن شارستانییەو قابیلی بەراورد كردن نییە بەعێراق‌و ئەفغانستان"، ئەمەش ناڕەزایی‌و كاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

شارلی داگاتا، كە یەكێكە لەرۆژنامەنوسە ناودارەكانی كەناڵی CBS لەپەخشێكی راستەوخۆدا لەشاری كیف-ی پایتەختی ئۆكرانیاوە لەكاتێكدا قسە دەربارەی دوا گۆڕانكارییە سەربازییەكانی هێرشی روسیا دەكات، کە سەبارەت بەدرێژەكێشانی ئەم جەنگە پرسیاری لێدەكرێت، لەوەڵامی پێشكەشكارانی كەناڵەكەدا دەڵێت "لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمدا، ئۆكرانیا وڵاتێكی وەك عێراق یان ئەفغانستان نییە كە چەندین دەیەیە شەڕو پێكدادانیان لێنابڕێ‌، ئۆكرانیا وڵاتێكی شارستانیتر‌و نیمچە ئەوروپاییە، لەبەرئەوە چاوەڕوانی ئەوەی لێناكرێ‌ روداوەكانی عێراق‌و ئەفغانستانی تیا دوبارە بێتەوە".

 

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی، بەكارهێنانی وشەی "شارستانی" لەلایەن ئەم رۆژنامەنوسەوە، بەخێرایی بوەتە مایەی ناڕەزایی بینەرانی کەناڵەکە، بەتایبەتی عەرەب‌و ئەفغانی‌و موسڵمانان، چونكە بەلێكدانەوەی ئەوان ئەم قسەیەی شارلی ئەوە دەگەیەنێت كە عێراق‌و ئەفغانستان خاوەنی "شارستانییەت" نین.

 

وتەبێژی ئەنجومەنی موسڵمانانی بەریتانیا ئەم دەربڕینەی ناوبراوی بە"ناماقوڵی‌و نادروست" ناوبردوە. بەڕێوەبەری ئەنجومەنی هاوكاری عەرەب‌و بەریتانیاش وتویەتی ئەم قسەیەی شارلی "جێی شەرمەزارییە".

 

گرتەی ڤیدیۆی ئەم قسانەی شارلی لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا سەدان هەزار جار لەتۆڕە كۆمەلایەتییەكاندا سەیر كراوە.

 

لەوەتەی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەستیپێكردوە، بەشێك لەمیدیا‌و رۆژنامەنوسان، جەنگی ئۆكرانیا‌و رۆڵی ناتۆ‌و ئەمەریكا بەراورد دەكەن بەكەوتنی خێرای دەوڵەتی ئەشرەف غەنی لەئەفغانستان کە بەخێرایی لەبەرامبەر تاڵباندا هەرەسی هێنا.

 

 لەئەفغانستان هەڵوێستی خۆڕاگرانەی زلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا‌و هاوسەرەكەی لەبەرامبەر هێرشی روسیادا جێی ستایشی زۆربری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە.

 

گراهام هریسۆن، رۆژنامەنوسی دیاری رۆژنامەی گاردیان لەتویتێكدا نوسیویەتی "لەكاتێكدا كە ئۆكرانیا گەمارۆ دراوە‌و سەرۆك كۆمارەكەی ئامادە نییە وڵاتەكەی بەجێبهێڵێت، بیر لەدۆخێكی پێچەوانە دەكەمەوە كە 6 مانگ لەمەوبەر سەرۆك كۆمارێكی تر پایتەخت‌و هاوڵاتییەكانی بەجێهێشت‌و رادەستی تاڵیبانی كردن".

 

لەماوەی چەند رۆژی رابردودا کە جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردوە زۆرێك لەبەكاربەرانی سۆشیال میدیا لەئەفغانستان‌و هەرێمی كوردستانیش وێنەی زلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا بە بەرگی سەربازییەوە بڵاودەكەنەوەو ستایشی خۆڕاگری‌و هەڵوێستی جوامێرانەی دەكەن كە ئامادەیە بمێنێتەوە‌و بەرگری لەخاك‌و وڵات‌و هاوڵاتییەكانی بكات، بەڵام سەركۆنەی سەركردەكانی خۆیان دەكەن كە وەک لەڕوداوەکانی رابردودا بینیویانە لەبەرامبەر هێرش‌و مەترسی دەرەكییدا هەرزو هەڵهاتون‌و رایانکردوە، ئەفغانییەكان‌و خەڵكی كوردستان دەڵێن "ئاخ خۆزگە سەرۆكێكی وەک سەرۆکی ئۆکرانیامان هەبوایە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×