كۆشكی ئێلیزێ: ماكرۆن بە پوتینی وتوە هەڵەیەكی كوشندە دەكەیت
  2022-03-03       601       

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنساو ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. كۆشكی ئێلیزێی فەرەنسا دەڵێت، ماكرۆن بە پوتینی وتوە هەڵەیەكی كوشندە دەكەیت. كۆشكی كرملینی روسیاش دەڵێت: پوتین بە ماكرۆنی وتوە، ئامانجەكانیان لە ئۆكرانیا بەدەست دەهێنن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی كۆشكی كرمیلن، ڤیلادیمێر پوتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە ئیمانوێل ماكرۆنی وتوە، روسیا سەركەوتو دەبێت لە داماڵینی چەك لە دەوڵەتی ئۆكرانیاو بێلایەنكردنی دەوڵەتەكە، كە ئەوەش بەقسەی پوتین ئامانجەكانی هێرشی وڵاتەكەین بۆ سەر ئۆكرانیا.

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

هەروەها بەپێی كۆشكی كرملین، پوتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئەوەشی وتوە كە هەر هەوڵێك لەلایەن ئۆكرانیاوە بۆ كات كوشتن لە رێگەی دانوستانەكانەوە، تەنها یەك ئەنجامی دەبێت كە ئەویش زیادكردنی داواكارییەكانی روسیایە.

هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكەی كرملین، پوتین بە ماكرۆنی وتوە، لەگەڵ گوتارەكەی دوێنێی سەرۆكی فەرەنسادا نەبوە كە تەنها سەرۆكی روسیای بە بەرپرسیاری دەستپێكردنی شەڕ زانیوە.

لەلایەكی دیكەوە كۆشكی ئێلیزێی فەرەنسا، لەبارەی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە پوتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا بانگەشەی ئەوەی كردوە، هێرشەكەی روسیا بەپێی ئەو پلانەی دایانڕشتوەو بەو خێراییەی كە دەیانەوێت بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی كۆشكی ئێلیزێ، ماكرۆن بە پوتینی وتوە كە "هەڵەیەكی كوشندە دەكات"و حكومەتی ئۆكرانیاش "رژێمێكی نازی" نییە وەك ئەوەی روسیا بانگەشەی بۆ دەكات.

هەروەها سەرۆكی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشداوە كە ترسی هەیە لەوەی كە هێرشەكان كاریگەرییان لەسەر خەڵكی مەدەنی هەیە لە ئۆكرانیا بەتایبەت لە دەوروبەری كیێڤ بەڵام پوتین ئەوە رەتدەكاتەوە.

هەروەك ماكرۆن بە پوتینی وتوە، بەوشێوەیە بڕوات روسیا دەبێتە "دەوڵەتێكی تەواو لاواز و گۆشەگیر" لەسایەی سزاكاندا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×