دانوستانكارێكی ئۆكرانی ئەنجامی دانوستانی ئەمڕۆی نێوان وەفدی وڵاتەكەی و روسیا دەخاتەڕو
  2022-03-03       1123       

میخایلۆ پۆدۆلیاك، دانوستانكاری ئۆكرانی رایگەیاند، هەردو لایەنی روسی و ئۆكرانی لە دانوستانەكانی ئەمڕۆدا گەشتینە لێكتێگەیشتن لەسەر كردنەوەی چەند رێڕەوێكی مرۆیی بۆ دەربازكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئاشتیخواز لەگەڵ دابینكردنی دەرمان و خۆراك بۆ ئەو ناوچانەی كە شەڕی قورس بەخۆوە دەبینن.

ئاوێنە: گەڕی دوەمی دانوستانەكانی نێوان وەفدی ئۆكرانیاو روسیا لە بێلاڕوسیا كۆتایی هات و یەكێك لە دانوستانكارە ئۆكرانییەكان ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستەڕو.

میخایلۆ پۆدۆلیاك، دانوستانكاری ئۆكرانی لەدوای كۆبونەوەكە رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا بەوردی گفتوگۆمان لەبارەی لایەنی مرۆییەوە كرد، چونكە لە ئێستادا بەشێك لە شارەكانی ئۆكرانیا گەمارۆ دراون.

ئەوەشی خستەڕو، هەردو لا گەیشتنە لێكتێگەیشتن لەسەر گەرەنتیكردنی چەند رێڕەوێكی مرۆیی هاوبەش بۆ دەربازكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئاشتیخوازو هەروەها دابینكردنی دەرمان و خۆراك بۆ ئەو ناوچانەی كە شەڕی قورس بەخۆوە دەبینن.

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەگەری راگرتنی شەڕ لە هەندێك ناوچە هەیە بۆ دەربازكردنی هاوڵاتیان و وتیشی"جەخت دەكەمەوە كە ئەوە تەنیا ئەگەرە"

وتیشی"بەداخەوە لە دانوستانەكاندا نەگەیشتینە ئەو ئەنجامانەی كە ئێمە هیواخوازین پێیان بگەین."

ئەوەشی خستەڕو"بەڵام رێككەوتین لەسەر بەردەوامیدان بە دانوستانەكان لە نزیكترین كاتدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×