ناتۆ: قەیرانی ئۆکرانیا هۆکار دەبێت بۆ جەنگێکی گشتگیر لە ئەوروپا
  2022-03-04       674       

دوای کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ لە برۆکسل، ئەمینداری گشتیی ناتۆ جەختی لە پێویستیی کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا کردەوە، هۆشداریشیدا لە لێکەوتەکانی هێرشی ڕوسیا لەسەر ناوچەکە.

یەنیس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ناتۆ ئامادەیە بەرگریی لە خاکی هەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکەی بکات”، لەهەمانکاتدا جەختیکردەوە، ناچنە ململانێ و شەڕەوە لەگەڵ ڕوسیا.

بەڵام هۆشداریدا لەوەی ئەو شەڕەی ڕوسیا لە ئۆکرانیا دەبێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان لە ئەوروپا و هۆکاری نەهامەتی، ئەگەر ناتۆ ناوچەی نەفڕین لە ئۆکرانیا دروستبکات.

جەختیکردەوە، هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر دەکەن، بەڵام هەر دەستێوەردان و بەشدارییەکی راستەوخۆ دەبێتەهۆی فراوانبوونی شەڕەکە.

پێشتر ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە خۆرئاوا کردبوو کە ناوچەی نەفڕین لە وڵاتەکەی دروستبکرێت، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا ئەو داوایە ڕەتکرایەوە.

ئەمیداری گشتیی ناتۆ وتی، “ئێمە لە نیگەرانییەکان تێدەگەین، بەڵام ئەگەر ئێمە ناوچەی نەفڕین دروستبکەین لە ئۆکرانیا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی جەنگێکی گشتگیر لە هەموو ئەوروپا کە ژمارەیەکی زۆری وڵاتان بگرێتەوە نەهامەتییەکان زۆر زیاتر بکات”.

جەختیکردەوە، تاکە ڕێگە بۆئەوەی ناوچەی نەفڕین دروستبکەن ئەوەیە فڕۆکەی هاوپەیمانێتییەکەیان بنێرن بۆ ئۆکرانیا و فڕۆکە ڕوسییەکان بخەنەخوارەوە، ئەوەش ئاڵۆزییەکان زۆر زیاتر دەکات.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×