ئاگربەستی كاتی لە دو ناوچەی ئۆكرانیا راگەیەندرا
  2022-03-05       582       
دیمەنێكی شوێنەواری جەنگ لە شاری ماریۆپۆل

وەزارەتی بەرگری روسیا، ئەمڕۆ شەممە، ئاگربەستێكی كاتی لە دو ناوچەی ئۆكرانیا راگەیاند، ئەوەش بە ئامانجی كردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ دەرچونی خەڵكی مەدەنی لەو دو ناوچەیە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لایەنی روسی دەستپێكردنی ئاگربەستێكی كاتی لە سەعات 10ی ئەمڕۆ شەممەوە بە كاتی مۆسكۆ رادەگەیەنێت بە ئامانجی كردنەوەی رێڕەوی مرۆیی لەبەردەم چونەدەرەوەی خەڵكی مەدەنی لە هەردو شاری ماریۆپۆل و ڤۆلنۆڤاخا.

وەزارەتی بەرگری روسیا ئاماژەی بەوەشداوە كە لەگەڵ لایەنی ئۆكرانی رێككەوتن كراوە بۆ كردنەوەی ئەو رێڕەوە مرۆییانە.

لای خۆیشییەوە میخایلۆ پۆدۆلیاك، راوێژكاری سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا رەزامەندییان داوە لەسەر كردنەوەی رێڕەوی مرۆیی لە سەعات 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە بە كاتی مۆسكۆ لەو دو شارەی ئۆكرانیا.

هەروەها جێگری سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند كە زیاتر لە 200 هەزار كەس دەیانەوێت لە ماریۆپۆل و زیاتر لە 15 هەزار كەسیش دەیانەوێت لە ڤۆلنۆڤاخا بچنە دەرەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×