ئانتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لەئۆکراینا بەھۆی مەترسی سەرھەڵدانی جەنگه لەگەڵ روسیا ئەستەمە.
ئاوێنه: ئانتۆنی بڵینکن لەدوای دیدارو کۆبونەوەکانی لەگەڵ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لەبرۆکسڵ، لەبەردەم میدیاکاراندا ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشھاتەکانی رووسیاو ئۆکراینا کردو وتی، لەگەڵ بەردەوامی ھێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراینا، زیانی گیانی رو لەزیادبون دەکات "جیھان پێشتر لەسوریا ئەوەی بینی کە روسیا چی تاکتیکێک بەکاردەھێنێت".
لەبارەی پەیوەندی روسیا لەگەڵ رۆژئاوا لەدوای ھێرشکردنە سەر ئۆکراینا ئانتۆنی بڵینکن رایگهیاند، "روسیا زیاتر لە ھەموو کاتێک گۆشەگیرتر کراوە و ئێمەش زیاتر لە ھەموو کاتێک یەکمان گرتووە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ھێرشی رووسیا بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا ھەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە، "رووسیا پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە ھێرشەکانی بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی بھێنێت و رێگە بە کارمەندی مەدەنی ئەو شوێنە بدات کە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن".
ئانتۆنی بڵینکن لەوەڵامی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە دروستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین لەسەر ئۆکراینا وتی، "بەرپرسیارێتی ئەوەشمان لەسەرە کە ئەم جەنگە نەپەڕێتەوە بۆ دەرەوەی ئۆکراینا. تاکە رێگای دروستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین بریتییە لە ناردنی فڕۆکەی ناتۆ بۆسەر ئاسمانی ئۆکراینا و کردنە ئامانجی فڕۆکەکانی رووسیی، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرپاکردنی جەنگ. ھەروەکو بایدن باسی لێوە کرد ناچینە جەنگ لەگەڵ رووسیا".