ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیاو ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، ئەمڕۆ یەكشەممە، پەیوەندییەكی دیكەی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. ماكرۆن نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە سەلامەتی وێستگە ئەتۆمییەكان دەربڕیوەو پوتین-یش رایگەیاندوە، بە دانوستان بێت یان جەنگ، روسیا ئامانجەكانی خۆی لە ئۆكرانیا بەدەستدەهێنێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی كۆشكی ئێلیزێی فەرەنسا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا كە نزیكەی دو سەعاتی خایاندوە، ماكرۆن هانی پوتینی داوە كۆتایی بە هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا بهێنێت و دەستبەری سەلامەتی پێگە ئەتۆمییەكان بكات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پوتین بە ماكرۆنی وتوە، روسیا هەوڵی هێرشكردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەكان نادات.
هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكەی كۆشكی ئێلیزێ، پوتین بە ماكرۆنی وتوە، روسیا ئامانجەكانی خۆی لە رێگەی دانوستانەوە بێت یان لە رێگەی جەنگەوە بەدەستدەهێنێت.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی راگەیەندراوی كۆشكی كرملینی روسیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا پوتین لەبارەی دانوستانەكان بە ماكرۆنی وتوە، "ئامادەین بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان ئەگەر داخوازییە زانراوەكانی روسیا بەبێ مەرج جێبەجێ بكرێن."