تورکیا: بەردەوام دەبین لە کرینی نەوت و غاز و بەنزین لە روسیا
  2022-03-09       642       

ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە کڕینی سەرچاوەکانی وزە لە روسیا و تا رادەیەکی زۆر پشت بە وزەی ئەو وڵاتە دەبەستێت.

ئاوێنە: وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، ئەنقەرە ناتوانێت دەستبەرداری وزەی روسیا ببێت چونکە لە بەدەستھێنانی غازی سروشتی بەرێژەی 45% و لە نەوت 17% و لە بەنزین 40% پشت بە روسیا دەبەستێت.

ئاماژەی بەوەش دا، جیھان پێویستی بە برێکی زیاتر نەوت و وزەیە جا چ لە ئەمریکا یاخود ڤەنزوێلا یان ئێران و سعودیە و ھەر وڵاتێکەوە بێت، بە پێویستیشی زانیوە سزاکانی سەر ئێران ھەڵبگیرێت بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن دووبارە لە تارانەوە وزە ھاوردە بکەن.

بەیرەقدار جەختیشی کردەوە لەوەی، لەکاتی راگرتنی ھاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە ، زیانیان بەرکەوتووە، لەبەرئەوە جارێکی تر ناتوانن بە ھەمان بارودۆخدا تێبپەرن و ھاوردەی وزە لە روسیاوە رابگرن.

ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی تورکیا پاش ئەوە دێت، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا سزای دارایی و ئابووری و لایەنی وزەیان بەسەر روسیادا سەپاندووە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لە لایەن ئەو وڵاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×