ئەمریكا ئامادە نییە فرۆكەی جەنگی بداتە ئۆكرانیا
  2022-03-09       719       


وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا داوای لە تەواوی وڵاتانی هاوپەیمان کردووە هەر ئەندامێک فڕۆکەی شەڕکەری جۆری MiG-29ـی هەبێت، بیگوازێتەوە بنکەی سەربازیی رامشتاین لە ئەڵمانیا تاوەکو دوایی رادەستی ئۆکرانیا بکرێن.

جۆن کێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەشداریپێکردنی فڕۆکەی جەنگی لە دژی روسیا "نیگەرانیی جیددی بۆ تەواوی هاوپەیمانیی ناتۆ دروستدەکات."

ئەو وتەیەشی لەکاتێکدایە، روسیا رایگەیاندووە، هەر وڵاتێک رێگەبدات ئۆکرانیا ئاسمانەکەی لە دژی ئەوان بەکاربهێنێت، وا لێی دەڕوانن کە ئەو وڵاتە لە دژی ئەوان لەشەڕدایە.

ئەمریکا تەنانەت شۆکبوونی خۆیشی بەو داوایەی پۆڵەندا دەربڕی، دەڵێت داواکە زۆر لەناکاوبووە، نە چاوەڕوانی ئۆفەرێکی لەمجۆرەیان کردووە، نە پێشتریش گفتوگۆیان لەسەری کردووە.

جۆن کێربی جەختیکردەوە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ پۆڵەندا و هاوپەیمانەکانی لەنێو ناتۆ بۆ بابەتی پڕچەککردنی ئۆكرانیا  بەردەوامدەبن.

ئەمرۆ چواردەهەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەی روسیایە بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا، كە چاوەروان دەكرا لەماوەیەكی زۆر كورتدا روسیا وڵاتەكە داگیر بكات، بەڵام بەرگری ئۆكرانیا بەرامبەر دەوڵەتێكی زلهێزی وەك روسیا چاوەروانەكراو بوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×