دکتۆر هەڵمەت غەریب، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە هەولێر و چاودێری سیاسی لهبارهی هێرشی روسیا بۆ سهر ئۆكرانیا دەڵێت، پاساو نادات بە هێرشی سهربازی پوتین بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، بەڵام پوتین لە پێناو پاراستنی ئاسایشی روسیا ئەو جەنگەی بەرپاکردوه، چونکە وڵاتەکەی بە هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ گەمارۆ دراوە، دهشڵێت، "پوتین کەوتە هەڵەوە لەو هەڵسەنگاندنەی کە پێیوابو دوای 48 کاتژمێری جەنگ دەچێتە نێو کیێڤەوە".
ئاوێنە: دکتۆر هەڵمەت غەریب له لێدوانێكدا لهبارهی هێرشی روسیا بۆ سهر ئۆكرانیا به دهنگی ئهمریكای راگهیاندوه، "دەتوانم بڵێم لە ڕوی سیاسییەوە ڕەوایی گەورە بە دەستی پوتینەوە هەیە بۆ پەلاماردانی ئۆکرانیا، لەبەرئەوەی چواردەەوری روسیا واخەریکە بە ناتۆ دەگیرێت، پوتین گرنگی و بایەخی پێگەی جوگرافیای ئۆکرانیا بۆ ڕوسیا باش دەزانێت چییە، هەربۆیە ئەگەر ڕوسیا بیەوێت پارێزگاری لە سنوری خۆی بکات دەبێت ئەو مەترسییانە لەسەر سنورەکەی کە ناتۆ بۆی خوڵقاندوە نەهێڵێت".
ئاماژهی بهوهشكردوه، لەوانەیە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا زۆر بخایەنێت و بگاتە جەنگی بەرەیی و ناوشارەکان و کۆڵانەکان، بەدوریشی نازانم ئەزمونی چیچان لە ئۆکرانیا دوبارە ببێتەوە.
دکتۆر هەڵمەت غەریب دەڵێت، ئەو گەمارۆ ئابوریانەی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاییەوە بەسەر مۆسکۆدا سهپێنراوه کاریگەری زۆر قورس دەکاتە سەر ئابوری مۆسکۆ و شەکەتی دەکات و درێژە دەکێشێت.
ئهوهشی خستهڕو، پوتین دەزانێت داگیرکردنی ئۆکرانیا واتای دەستگرتنە بەسەر بەشێکی ئەوروپادا بۆیه هەوڵدەدات جارێکی تر هەژمونی پێشوی روسیا لە داڕشتنەوەی سیاسەتی جیهانی بگێڕێتەوە.