چەند پێشنیارێک بۆ چارەسەرکردنی موچەی خانەنشینان ئاراستەی وەزارەتی دارایی ده‌كرێت
  2022-03-26       740       

له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم‌- سلێمانی‌و نوێنەری وەزارەتی دارایی‌و بەڕێوەبەری بانکەکانی سلێمانی، چەند پێشنیارێک بۆ چارەسەرکردنی موچەی خانەنشینان ئاراستەی وەزارەتی دارایی كرا.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شەممە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەسەرپەرشتی ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئامادەبونی ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی ھەرێم، نوێنەری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری بانکەکانی سلێمانی بۆ دابەشکردنی موچە کۆبۆوە.

لەکۆبونەوە راوێژکارییەکەدا، پێشنیازەکانی چارەسەرکردنی گرفتی پێدانی موچەی خانەنشینان تاووتوێ کران، سەرەڕای کەمی پارە لە بانکەکان.

بەکۆی دەنگی ئامادەبوان بڕیاردار وەک چارەسەر ئەم راسپاردانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکرێن:

١- جیاکردنەوەی موچەی خانەنشینی سەربازی لەگەڵ خانەنشینی مەدەنی.
٢- لەکاتی دانانی خشتەی موچەدا ئەولەویەت بدرێت بە خانەنشینان لەناو ریزبەندی وەزارەتەکاندا.
٣- زیادکردنی بینا و بنکەی دابەشکردنی موچە بۆ بانکەکان، لەھەر شوێنێک کە پێویست بێت.
٤- لەکاتی دابەشکردنی موچەی خانەنشیندا ، بەپێی ژمارەی ناسنامەی خانەنشینی یان بەپێی پیتەکانی ئەلفوبێی ناوەکانیان بێت.
٥- شوێنی گونجاو شایستە دابین بکرێت بۆ خانەنشینان لەکاتی چاوەڕێ کردنیان بۆ وەرگرتنی موچەکانیان.  

راسپاردە بۆ چارەسەری دورمەودا:
پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی سیستمی بایۆمەتری.
ا- دابەشکردنی موچە بکرێت بە سیستمی کارت.
ب- پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی سیستمی ھاوتای کەسی.
ج- ھەژماری بانکی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان بکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×