تا ئێستا حكومەتی هەرێم دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی كۆتایی پێنەهێناوە
  2022-03-29       608       

تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی كۆتایی پێنەهێناوە، لەكاتێكدا پێشتر هەر خۆی ڕایگەیاندبوو، پێش نەورۆز كۆتایی بە مووچەی مانگی دوو دەهێنن، ناردنی 200 ملیار دینارەكەش نەبووە هۆی كۆتاییهێنان بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو.

ئاوێنە: پێش جەژنی نەورۆز، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە جارێك دووپاتیكردەوە، پێش جەژنەكە مووچەی مانگی دووی تەواوی وەزارەت و توێژەكان دابەشدەكرێت، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەك لە خانەنشینان و مووچەخۆران مووچەكەیان وەرنەگرتووە.

چەند ڕۆژی ڕابردووش حكومەتی فیدراڵ 200 ملیار دینارەكەی نارد بۆ هەرێمی كوردستان، ڕاستەوخۆ وترا بۆ تەواوكردنی مووچەی مانگی دوو بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەوە سێ ڕۆژە پارەكە گەیشتووە و تا ئێستا كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو نەهاتووە.

تەواونەكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو لەكاتێكدایە، ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆر و مامۆستانەی مووچەی مانگی دوویان وەرگرتووە، بەشێكیان بایكۆتی دەوامیان كردووە و داوای دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×