بانکی ناوەندیی لوبنان مایەپوچبونی خۆی ڕاگەیاندو ٦٣٧ ملیۆن دۆلاری هەرێمی کوردستانیش لەبانکەکانی لوبنان بلۆک كراوه کە داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستانە، ئەندامێكی لیژنهی دارایی پەرلەمانی كوردستان-یش دەڵێت، ئەو پارەیە فەوتاوە.
ئاوێنه: سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢١ کۆمپانیای دیلۆت کە چاودێریی کەرتی نەوتیی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاشکرایکردووە کە بڕی ٦٣٧ ملیۆن دۆلاری هەرێمی کوردستان لەبانکەکانی لوبناندایەو پارەکەش ناتواندرێت بگوازرێتەوەو بلۆک كراوە.
بڕی پارەکەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ڕاپۆرتی دیلۆت بریتییە لە ٣١٠ ملیۆن یۆرۆ و ٢٩٤ ملیۆن دۆلار، کە دەکاتە ٦٣٧ ملیۆن دۆلار.
لای خۆیهوه شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنهی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەسایتی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووه، داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان شەفاف نییە و ئەو بڕە پارەیە هەتا بلۆککرا کەس ئاگای لێ نەبوو، لەکاتێکدا یەکسانە بەموچەی هەموو موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش یەکێکیترە لەگەندەڵیی و ناڕێکیی و بێ پلانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمامەڵەکردن بەداهاتی هەرێمەوە.
لەبارەی چارەنوسی ئەو بڕە پارەیەشەوە دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی هەرێمی کوردستان بەکوردییەکەی فەوتاوە، چونکە بانکی ناوەندیی لوبنان مایەپوچبووە، لەم بارودۆخەدا هەموو ئەو لایەنانەی مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە لەو زەرەرە بەشداردەبن، ئێستا ئەو پارەیەی هەرێم کە بڕەکەی ٦٣٧ ملیۆن دۆلارە بلۆککراوەو ناتوانن بیگەڕێننەوە.
تا ئێستا بەفەرمیی دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو بڕە پارەیەوە نەداوەو نازانرێت ئاخۆ چارەنوسی چی بەسەر دێت.