پەرلەمانتارێك زانیاری نوێ لەبارەی داهاتی سلێمانی ئاشكرادەكات: گرفتی موچە بەردەوام دەبێت
  2022-05-14       828       

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە سلێمانی بۆ تەواوكاری موچەی مانگی سێ داهاتی مانگی پێنج بەكارهێنراوە بۆیە ھەمان گرفتی مانگی پێشو بۆ موچە لە سلێمانی دروست دەبێت. دەشڵێت، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە بانكەكانەوە دەستیكردوە بە لێكۆڵینەوە لەبارەی داهاتی سلێماییەوە بەڵام ئەو لێكۆڵینەوەیە تەواو نییەو پێویستە لەسەرچاوەكانەوە لێكۆڵینەوەی تیا بكرێت.

ئاوێنە: دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە بڵاوكراوەیەكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند"لە سلێمانی داهاتی مانگی پێنج بەكارهێنراوە بۆ تەواوكاری موچەی مانگی سێ، ئەمەش جیاوازە لەوەی كە هەندێك كەس باس لەوەدەكەن پارە لە سەرمایەدار وەرگیراوە یاخود 90 ملیار دینار قەرزكراوە بۆ تەمویلی موچە."

وتوشیەتی"بۆیە ھەمان گرفتی مانگی پێشوو بۆ موچە لە سلێمانی دروست دەبێت، چونكە بۆ تەواوكاریی موچەی مانگی چوار كە ئێستا دەستی پێكردوە، دەبێت چاوەڕێی داهاتی مانگی شەش بكرێت كە مانگی شەش هێشتا زۆری ماوە."

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەمەش داهاتی مانگی سێ و مانگی چوار لە سلێمانی نازانرێت چی لێدەكرێت و لەوبارەیەشەوە رونكردنەوەی ئەوتۆ نەدراوە."

بەپێی زانیارییەكانی دابان محەمەد "دوێنێ كە هەینی بوەو دەوام نەبوە، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە گەنجینەی دوی سلێمانی دانیشتوەو بەشێكی زۆری بەڕێوەبەرەكانی بانگ كردوە لەوانە بەڕێوەبەری ژمێركاری كارەبا، هاتوچۆ، پڕۆسەیەكی چڕ بۆ لێكۆڵینەوە لە داهاتی سلێمانی دەستی پێكردوە. هەروەها داوای داتای بانكەكانی سلێمانی كراوەو هەر دوێنێ سەعات 9، هەمو بانكەكانی سنوری سلێمانی چەند فەرمانبەرێكیان ناردوەتەوە بۆ ئامادەكردنی داتاكان."

لەگەڵ ئەوەش ئەو پەرلەمانتارە وتویەتی"ئەو لێكۆڵینەوەیەی وەزارەتی دارایی دەستی پێكردوە هێشتا لێكۆڵینەوەیەكی تەواو نییەو پێویستە لەسەرچاوەكانەوە كە گومرگ، باج، پارەی ئاو و كارەباو هاتوچۆیە لەوێوە لێكۆڵینەوەی تیا بكرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×