یەکگرتو و کۆمەڵ و گۆڕان و نەوەی نوێ دەنگیان بە هەمواری یاسای نەوت و گاز نەدا
  2022-06-29       685       

ئەمرۆ چوارشەممە، بەدەنگی 79 پەرلەمانتار یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کرایەوە و فراکسیۆنی گۆڕان و نەوەی نوێ و کۆمەڵ دەنگیان بە پرۆژەیاساکە نەدا و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان-یش بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

ئاوێنە: فراكیسۆنی یه‌كگرتو به‌ نوسراوێكی رەسمی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ بایكۆتی دانیشتنی ژمارە 10ـی ئه‌مرۆی پەرلەمانی كوردستان ده‌كات لەبەرئەوەی دژی هەمواركردنەوەی یاسای نەوت و گازن كە بەقسەی ئەوان"مەبەستی سەرەكی لە هەموار كردنەوەی ئەم یاسایە تەنیا دەستكاری كردنی یەك ماددەیە بۆ مەرامی پشك پشكێنەی حزبی."

یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان بۆ بایكۆتكردنی دانیشتنەكە، وەك فراكسیۆنەكە خستۆتییەڕو ئەوەیە كە "كارنامەی دانیشتنی ژمارە ئه‌مڕۆ هیچ بڕگەیەكی تێدا نیە كە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستان بێت و باس لە گرفت و قەیرانەكانی ئێستای ژیانی رۆژانەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات."

لە لایەکی دیکەوە، گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان بە میدیاى حزبەکەی راگەیاند"لە دانیشتنەکەى ئەمڕۆدا بە دەنگی 79 پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی و کۆتاکان دەنگیان بە هەموارەکەدا و رەزامەندبون و گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنیش دەنگی پێنەدا."

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژى دوشه‌ممه‌ى رابردو په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی دوه‌مى بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان-عێراق، کرد کە به‌پێی هه‌مواره‌كه‌ ئه‌ندامێكی دیكه‌‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گاز زیاد ده‌كرێت كه‌ ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانە.

بە زیادکردنى ئەندامێکى دیکە بۆ ئەنجومەنەکە کە ئومێد سەباحە، پارتى دەیەوێت ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنەکە بکات بە شەش کەس و لەهەموارەکەشدا ئەوەشی تێدا جێگیرکراوە کە لەحاڵەتی بڕیارێک بەدابەشبونی یەکسان بە سێ بە سێ، دەنگی سەرۆکی حکومەت یەکلاکەرەوە دەبێت بەلای هەر لایەکیاندا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×