بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم: قەبارەی بازرگانی لە خاڵە سنورییەکان لەسەدا 20 زیادی کردوە
  2022-06-29       523       

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە دو ساڵی رابردو، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنورییەكانی هەرێم بە رێژەی لەسەدا 20 زیادی كردوە.

ئاوێنە: ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ(چوارشەممە) بە میدیای پارتی راگەیاند "سیستمی ئەلیکترۆنی لە خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دانراوە، داهاتی گومرگ راستەوخۆ لەلایەن بانکەکانەوە وەردەگیرێن و تۆمار دەکرێن، واتە هەمو ئەو داهاتانەی لە گومرگەکان وەردەگیرێن دەگەڕێنەوە خەزێنەی حکومەت".

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان وتیشی، ماوەی 10 رۆژە باج و رسومات لەسەر هاوردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان هەڵگیراوە، هەروەها 14 ماددەی خۆراکی وەک برنج، ئارد، رۆنی زەیت، پاقلەمەنییەکان لە باج بەخشراون، ماوەی بەخشینەکەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تا 20/9/2022 درێژکراوەتەوە، ئەمەش رێگری لە زیادبونی نرخەکان لە بازاڕ کردوە، چونکە وەزارەتی بازرگانی رەچاوی گۆڕانکاری لە نرخەکان کردوە.

هاوکات ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی"بەبەراود بە ساڵانی 2020و 2021 قەبارەی بازرگانی بەڕێژەی 20% لە خاڵە سنورییەکان زیادی کردوە، ئەو بابەتانەش کە زیاتر هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن پێداویستی رۆژانەن، بەڵام ئێمە پاشەڕۆی بابەتە نەوتییەکان هەناردە دەکەین، چونکە بابەتی دیکەمان نییە هەناردەی وڵاتانی بکەین".

ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەدرێژایی 30 ساڵی رابردو هاوکێشەو پێوەرێکی جێگیر هەبوە، ئەویش ئەوەیە کە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا دو هێندەی ئەو بازرگانییەیە کە لەگەڵ ئێران هەیە، رەنگە هەندێک جار کەم یان زیاد بکات، ئەویش لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×