ناوەڕۆكی وتاری موقتەدا سەدر لە نوێژی هەینی یەكگرتودا
  2022-07-15       643       

وتاری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئەمڕۆ لە نوێژی هەینی یەكگرتودا لەناوچەی سەدری بەغدا خوێندرایەو تێیدا رایگەیاند، دەبێت حەشدی شەعبی سەرلەنوێ رێكبخرێتەوە‌و دوربخرێتەوە لە سیاسەت، بازرگانی و دەستوەردانی دەرەكی و سەرجەم گروپە چەكدارەكان هەڵوەشێنرێنەوە. دەشڵێت: هەندێك كەس خەریكی پێكهێنانی حكومەتن كە گومانی باشیان پێ نادەین و پێشتر ئەزمونمان كردون و سەركەوتو نەبون.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر لە وتارەكەیدا، كە لەلایەن شێخ مەحمود جەیاشی-یەوە خوێندرایەوە، رایگەیاند، "لەسەر ڕێی دوڕیانێكی ئاڵۆزو سەخت و لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتداین لەلایەن هەندێك كەسەوە كە گومانی باشمان لەسەریان نییەو پێشتر ئەزمونمان كردون و سەركەوتو نەبون."

ئاماژەی بەوەشدا كە ئامۆژگاریی ئەو كەسانە دەكەم ئەگەر دەیانەوێت پێكهاتەیەكی وەك حكومەت دروست بكەن، لەسەریانە پابەند بن بە چەند خاڵێكەوە لەوانە: "دەركردنی پاشماوەكانی داگیركەران بەڕێگەی دیپلۆماسی و پەرلەمانی." و "بەڵێن بدەن بەگەل كە حكومەتەكەیان وەك حكومەتەكانی پێشو نەبێت."

وتیشی"یەكەم هەنگاوی تەوبە، لێپرسینەوەیە لە گەندەڵكارەكانیان...داوا لە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت لایەنە شیعییەكان دەكەم داوا تەوبە لەخوا بكەن و لێپرسینەوە لە گەندەڵكارەكانیان بكەن."

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، موقتەدا سەدر رایگەیاندوە كە دەبێت حەشدی شەعبی سەرلەنوێ رێكبخرێتەوە‌و دوربخرێتەوە لە سیاسەت و بازرگانی و دەستوەردانی دەرەكی و هەروەها سەرجەم گروپە میلیشیاكان هەڵبوەشێنرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە مەرجەعیەتی باڵا دەرگای خۆی لەسەر هەمو سیاسەتمەداران داخستوەو " زۆرینەی سیاسەتمەداران ئاڕاستەیان دەرەكییە."

جەختیشی كردەوە كە تاوەكو چەكی بەرەڵا هەبێت ناتوانرێت حكومەتێكی بەهێز دروست بكرێت.

وتیشی، نامانەوێت جارێكی تر ئەوانە بگەڕێنەوە كە ئەزمون كراون‌و كارەساتی كۆن دوبارە ببێتەوەو رەشەكوژیی سپایكەرو سەقلاویە‌و فرۆشتنی ناوچەكانی عێراق جارێكی تر دوبارە ببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×