تەندروستی عێراق 52 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆلێرای راگەیاند
  2022-07-16       391       

وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، تۆماركردنی 52 حاڵەتی نوێی كۆلێراو حاڵەتێكی نوێی گیانلەدەستدانی توشبویەكی كۆلێرای راگەیاند.

ئاوێنە: سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتەكە بە میدیای رەسمی عێراقی راگەیاند، بەرزبونەوەیەكی مەترسیداری حاڵەتەكانی توشبون بە كۆرۆنا لە عێراق هەیەو ئەم شەپۆلەی ئێستای كۆرۆنا لەوانەی پێشو زیاتر بڵاودەبێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە 52 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆلێرا تۆماركراون و بەوەش كۆی گشتی توشبوانی كۆلیرا گەیشتۆتە 309 حاڵەتی توشبون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە حاڵەتێكی گیانلەدەستدانی نوێش بە كۆلێرا لە كەركوك تۆماركراوەو بەوەش كۆی حاڵەتە تۆماركراوەكانی گیانلەدەستدان بە كۆلێرا گەیشتۆتە سێ حاڵەت، كە دوانیان لە كەركوك و یەكێكیان لە بەغدا بوە.

لەبارەی تای خوێنبەربونیش، سەیف بەدر وتویەتی، ژمارەی توشبوانی بە تای خوێنبەربون لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گەیشتۆتە 246 توشبو كە تاوەكو ئێستا 40 كەسیان گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×